کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەرجی خەڵک بە دۆلارە و داهات بە ڕیاڵ

12:28 - 18 خاکەلێوه 2721

"موجتەبا یووسفی" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاوەدانکردنەوەی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: "خەرجی خەڵک بە دۆلارە و داهات بە ڕیاڵ".

ناوبراو وتوویەتی، گرانکردنی میوە و سەوزیجات هەتا گرانکردنی بەرق و ئاو هەمووی گوشارێکی چەند بەرابەر دەخاتە سەر خەڵک و تەحەموولی خەڵک لەو دۆخەی کۆرۆنادا کەمتر دەکاتەوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم زیادی کردووە، دەوڵەت خۆی هۆکاری هەموو گرانی و نەبوونییەکانە و هیچ چاودێرییەکی بەسەر بازاڕدا نییە.

لە ئێستادا کە هەڵاوسان سەرووی ٤٥ لەسەدە ژیانێکی خۆش بۆ خەڵک جێبەجێ ناکرێت.

لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی نرخی ئاو، بەرق، کرێ تاکسی و بلیتی مێترۆ گران کران و ئەو نرخانەی دیاری کراون لەلایەن ڕێژیمەوە پەسند کراون.

بەپێی ئەو نرخانەی دیاری کراوە، ئاو و بەرق ٧ لەسەد، بلیتی مێترۆ ٢٥ لەسەد، کرێ تاکسی ٣٥ لەسەد و مریشک ٢٢ لەسەد گران کراون. سەرجەم ئەو نرخانەی دیاری کراون لە سەرەتای مانگی بانەمەڕەوە جێبەجێ دەکرێن.

ئەگەرچی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران بەردەوام باس لەوە دەکەن کە هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەیکە بازاڕ کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام لە کردەوەدا هیچ هەوڵێکیان بە کردەیی نەبووە.