کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەرجی هەر بنەماڵەیەکی ئێرانی ٢٢.٥ لەسەد زیادی کردووە

18:30 - 2 پووشپەڕ 2720

تێچووی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی ژیان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو بە شێوەی نێوەنجی ٢٢.٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەڵاوسان بڵاو کردووەتەوە؛ لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ڕێژەی هەڵاوسان له مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو هەتا کۆتایی ئەو مانگە لە ئەمساڵدا بە داکشانی ٢ لەسەدی گەیشتووەتە ٢٧.٥ لەسەد.

نرخی خۆراکە سەرەکییەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک کە نرخی گۆشتی سوور ٢٤.٧ لەسەد، خواردن و خواردنەوەکان ٢٧.٤ لەسەد،  کەلوپەلی نێو ماڵ ٣٧.٠ لەسەد و کەلوپەلی دەوا و دەرمان ٢٤.٤ لەسەد بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ مانگی ساڵی ڕابردوو، تێچووی ژیانی هەر بنەماڵەیەک ٢٢.٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.

 تێچووی دابینکردنی بژێویی ژیان لە ئیراندا، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ی هەتاوی هەتا مانگی گەڵاوێژی ساڵی ٩٨ زیاتر لە ١٠١ لەسەد بەرز ببووەوە کە لە ٣ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار تمەنەوە گەیشتبووە ٧ ملیۆن و ٥٨٠ هەزار تمەن.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە بەرپرسانی ڕێژیم و بەتایبەت ناوەندی ئاماری ئێران باسیان لە نەمانی هەڵاوسان دەکرد و ناوە بە ناوە کۆمەڵێک ئاماریان دەدا بە بیروڕای گشتی کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگە یەکیان نەدەگرتەوە.