کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەرمانانی خوێناوی

11:56 - 8 خەرمانان 2719

بێهزاد قادری

مێژووی کورد، هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و بە سەرنجدان بە دۆخی هەنووکەیی ئێستای کورد و کوردستان و هەروەها گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، فەراز و نەشێوەکانی داهاتوویش پێشبینی دەکرێت و هیچ لاپەڕەیەک لە مێژووی کورددا بوونی نییە کە باس لە خوێندانی کورد بۆ نیشتمان و گەل نەکات. مانگی خەرمانانیش وەک پووشپەڕ مانگێکی پڕ لە خوێندان بۆ کورد بووە و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووشدا، ئەم مانگە بۆ کورد سوورتر لە پێش بووەتەوە. هەڵبەت لەبیر نەکەین کە لەم مانگەدا و لە هەموو ڕۆژێکیدا، کەسانێکی نیشتمانی و دەیان پێشمەرگەی قارەمان گیانی خۆیان پێشکەشی نیشتمان کردووە و لەم بابەتەدا ئاوڕێک لە چەند ڕووداو و کارەساتی گەورەی مێژووی کورد دەدەینەوە کە قەت گەلی کورد لەبیری ناکات.

لە ٢ی خەرمانانی ساڵی ٢٦٨٠ی کوردییەوە دەست پێبکەین کە تەرمی سەرگورد عەباسی و تەرمی چەندین پێشمەرگەی تر لە مەھاباد نێژرا. لەم بەخاک سپاردنەدا، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەھاباد ئامادەبوون و ھەندێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەو گۆڕستاندا، بەو بۆنەیەوە وتاریان دا. تێرۆری ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە لایەن ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوییەوە دەستی پێکردووە و "سەرگورد عەباسی" یەکەمین ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بووە، کە لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە تێرۆر کراوە.

لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ساڵی پێشدا، واتە ساڵی ٢٧١٨ی کوردی، لە کارەساتێکی دڵتەزێن و گوماناویدا، ٤ ژینگەپارێزی مەریوانی گیانیان لەدەست دا، کە بە شەهیدانی سەوز یان شەهیدانی ژینگە ناسراون.شەهیدان "شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی" و دوو هاوڕێکەی تریان، ساڵی ڕابردوو، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی گوندی "پێڵە"ی مەریوان، لە ڕووداوێکی گوماناویدا، تووشی سووتان بوون و گیانیان پێشکەشی ژینگەی نیشتمانەکەیان کرد. کاک "شەریف باجوەر" و کاک "ئومید کۆنەپۆشی"، لە ئەندامانی چالاک و ناسراو و دڵسۆزی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بوون کە ساڵانێکی دورودرێژ ئەزموونی بەربەرەکانێ لەگەڵ ئاگریان هەبوو و جەماوەری خەڵک لەو باوەڕەدان کە ڕێژیم دەستی لە شەهیدکردنی ئەم ژینگەپارێزانەدا هەبووە.

لە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاویشدا و هاوکات لەگەڵ فەرمانی جیهادی "خومەینیـ"ـی جەلاد، ١١ کورد لە داداگاییکردنێکی ٥ خولەکیدا بە مەرگ مەحکووم کران و لە  فڕۆكەخانەی شاری سنەدا تیرباران کران كە بە ئێعدامەكانی "فڕۆكەخانە" ناوی دەركردووە. ٢ كەس لەم ١١ كەسەی كە لە فڕۆكەخانەی شاری سنەدا تیرباران كران، بریندار بوون و یەک كەسیان بە "برانكارد" برایە بەر جوخەی ئێعدام و بڵاوبوونەوەی ڕەسمی ئێعدامەكانی شاری سنە لە بڵاوكراوەكانی نێوخۆ و دەرەوە، ھەر ئەو كات ناڕەزایەتیی گەورەی کۆمەڵانی خەڵکی لێكەوتەوە.

چەند ڕۆژ دوای ٥ی خەرمانان و لە ڕێکەوتی ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا، "فواد مستەفا سوڵتانی" ناسراو بە "کاک فواد"، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، بە دەستی ھێزەکانی ڕێژیمی تاران، لە شەڕێکی نابەرابەردا شەهید کرا. ڕۆڵی کاک "فواد" لە مێژووی بزووتنەوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان  دیارە. تەنھا ٨ مانگ دوای ڕزگاری لە بەندیخانە و تا کاتی شەهیدکرانی لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا و لەو ماوە کەمەیەدا، توانی لاپەڕەیەکی نوێ بنەخشێنێت.

دوو ڕۆژ لە شەهیدکرانی کاک "فواد" تێپەڕیبوو، واتە ڕێکەوتی ١١ خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی، لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم، واتە سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، کۆمەڵکوژیی "قاڕنێ" ڕوویدا. لەم کۆمەڵکوژییەدا، ٦٨ کوردی خەڵکی گوندی "قاڕنێـ"ـی سەر بە شاری نەغەدە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوویشی لێ بوو، بەدەستی جەلادانی ڕێژیم بێڕەحمانە کوژران و لاپەڕەیەکی خوێناوی لە مێژووی کورد هەڵ درایەوە.

لە مێژوو بێینە پێشەوە. ساڵی ٢٧١٨ی کوردی و لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرماناندا، دووبارە کورد کەوتە بەر پەلاماری سێدارە و مووشەکی ڕێژیمی دیکتاتۆری تاران و چەندین شۆڕشگێری کورد شەهید کران. ١٧ی خەرمانان، ڕۆژێکی خوێناوی بوو کە هەموو کوردستانی هەژاند. لەم ڕۆژە خوێناوییەدا، سێ لاوی کورد بە ناوەکانی: "ڕامین حوسێن پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی"، لە لایەن کۆماری سێدارەوە لەدار دران و هاوکات، ڕێژیم مەقەڕەکانی دێموکراتی لە کۆیە مووشەکباران کرد و دوو مامۆستای فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی: "فاروق حەسەن خەیات و موختار قادرپوور" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بوون. هەروەها لەو هێرشە مووشەکییەی ڕێژیمی تاریکپەرستی تاراندا، ١٤ کادر و پێشمەرگەی "هاوڕێیانی پێشوو" شەهید کران.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا، کارەساتی "میکۆنۆس" ڕوویدا. لەو کارەساتەدا دوکتور "سادق شەرەفکەندی"، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تێرۆر کرا. دوکتور "شەرەفکەندی" دوای تێرۆری دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" بوو بە سکرتێری گشتی، بەڵام لە کارەساتی میکۆنۆسدا، ھەر وەک دوکتور قاسملوو بوو بە قوربانیی تێرۆر. دادگایەک لە شاری بێرلین دوای شیکردنەوەی ڕووداوەکانی کارەساتی میکۆنۆس، نێردراوەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی بۆ ئەنجامی ئەو تیرۆرەی بە تاوانبار ناسی. "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، "ئەکبەر ھاشمی ڕەفسەنجانی"، سەرکۆماری ئەوکاتی ڕێژیم و "عەلی فەلاحیان"، وەزیری ئیتلاعاتی ئەو کاتی ڕێژیم، بە بکەرانی سەرەکیی ئەو تێرۆرە ناسێندران.

ئەمانە گۆشەیەک لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژ بە گەلی کورد بوو و گۆشەیەک لە پێشکەشکردنی گیانی شۆڕشگێڕانێک بوو کە نیشتمان بە دڵ جەستەیانی لە ئامێز گرتووە...

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.