کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەساری گیانی و مادی لافاوەکان سەرپۆش دەکرێت

12:17 - 18 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، حاشا لە ئاماری کوژراوەکانی لافاو و هەروەها خەسارە مادییەکان دەکات و ڕاستییەکان سەرپۆش دەکات.

بەپێی ئەو ئامارانە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ٧٠ کەس به هۆی هاتنی لافاوەکان گیانیان لە دەست داوە، کە ئەو ئامارە لەگەڵ ئامارەکانی چەند ڕۆژ پێش کە هاوکات بڵاو کراونەتەوە یەک ناگرنەوە.

ڕێکخراوی ئورژانسی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە، کە دوایین ئامارەکان دەرخەری ئەوەیە، ٥٧ کەس بە هۆی لافاوەکان کوژراون و ٤٧ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

"ئەحمەد شوجاعی"، سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکی یاساییی ڕێژیم، لە دوایین ئاماردا باسی لەوە کردووە، لە ١٣ پارێزگای ئێراندا سەرجەم ٧٠ کەس گیانیان لە دەست داوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران، باسی لە ئاماری بریندارەکانی ئەو لافاوە نەکردووە.

هاوکات کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، یا هیچ بنکە و ئۆرگانێكی ڕێژیم، باسی لە خەسارەتی مادی ئەو لافاوانە نەکردووە.

هاتنی لافاوەکان لە کوردستان و ئێراندا، وێرانییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و ڕێژیمی ئێرانیش باس لە ڕاستییەکان ناکات. به هۆی هاتنی لافاو چەندین گوند کەوتوونەتە ژێرئاوەوە و هیچ لایەنێکی ڕێژیم باس لەو کارەساتانە ناکات.