کوردستان میدیا: هەیئەتێکی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە "دایە شەریفە" دایكی شەهید "ڕامین حوسێن پەناهی" بەشدارییان کرد.
لە ڕێوڕەسمێكدا کە لە هۆتێلی "شیراتۆنـ"ـی هەولێر بەڕێوە چوو، لەلایەن ڕێكخراوی ئاشتیی خێرخوازی، خەڵاتی زێڕینی "دایكی ئاشتی" به "دایە شەریفە"، دایكی شەهید "ڕامین حوسێن پەناهی" بەخشرا.
ئەو خەڵاتە لە بەرانبەر هەوڵ و چالاكییەكانی ناوبراو لە بواری ئاشتی و هەوڵدانی بۆ پێشگرتن لە سزای لەسێدارەدان لە ئێران، پێی بەخشراوە.
ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دوای خوێندنەوەی پەیامی ڕێکخراوی ئاشتی، خەڵاتی دایکی ئاشتی پێشکەشی "ئەمجەد حوسێن پەناهی"، نوێنەری دایە شەریفە کرا.
دواتر لەلایەن ئەمجەد حوسێن پەناهییەوە، پەیامی دایە شەریفە خوێندرایەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا، لەلایەن نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنانەوە، چەپکەگوڵی وەفا و ڕێزلێنان پێشکەش بە نوێنەری "دایە شەریفە" کرا.
"محەممەد ساڵح قادری"، بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموكرات، لەو ڕێوڕەسمەدا ئاماژەیان بەوە دا كە دایە شەریفە و هەموو دایكان، خوشكان، هاوسەرانی شەهیدان، بەندكراوان و تێكۆشەران، پێشەنگ و ڕوومەتی خۆڕاگری و خەباتی یەكسانی و مرۆیین.
"قادری" باسی لەوە کرد، ئەو ڕێزگرتنە لە دایە شەریفە، ڕێزگرتنە لە هەموو ئەو خەباتكارانەی كوردستانی ڕۆژهەڵات، هەر بۆیە هەموومان ڕۆڵەی دایە شەریفەكانین.
ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی نوێنەری ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، سەركردایەتیی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، نوێنەری كۆنسوڵگەرییەكانی وڵاتانی بیانی لە كوردستان، چالاكانی سیاسی و مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان، بەڕێوە چوو.