کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی ساڵانەی ماملێ‌ بەخشرایە عەزیر شاڕۆخ، هونەرمەندی کورد

15:17 - 16 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: خەڵاتی ساڵانەی مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌ بۆ ساڵی ٢٠١٢ بەخشرایە مامۆستا عەزیز شاڕۆخ، هونەرمەندی بە ناوبانگی کورد.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌، ساڵانە هونەرمەندێکی کورد بە مەبەستی رێز گرتن لە ماندوویەتی و خزمەتی هونەری بە نەتەوەی کورد دیاری دەکات و خەڵاتی پێ‌ دەبخشێت.
ساڵی ٢٠١٢ مامۆستا عەزیز شاڕۆخ هونەرمەندی ناوداری کورد بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دیاری کرا.
هەتا ئێستا خەڵاتی مەڵبەندی هونەری ماملێ‌ بەخشراوەتە مامۆستا باکووری هونەرمەندی کوردی تورکیە، شمشاڵ ژەنی بە ناوبانگ قالەمەڕە و مامۆستا عەبباس کەمەندی.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ساڵی ١٣٨٧ـە‌وە بە فەرمی کاری خۆی دەست پێ کردووە. بنەمای ئەم مەڵبەندە لەسەر هزرێکی نەتەوەیی داڕێژراوە و مەبەست لە هاتنە گۆڕەپانی، تەنیا دەربڕینی پێزانین و ئەمەگناسی بەرانبەر بەو کوردانەیە کەلە رێگەی هونەرەوە خزمەتی نەتەوە و نیشتمانیان کردووە.
هونەرمەند عەزیز شاڕۆخ ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و ئێستاش هەر لەو شارەدا نیشتەجێ‌یە. جگە لەوەی لە هونەری گۆرانیی کوردیدا جێگای تایبەتیی خۆی هەیە لە هەمان کاتدا وەکوو مامۆستای مەقاماتی کوردی، بە گوتنەوەی مەقام و گۆرانییەکانی هونەرمەندانی کورد کاوەیس ئاغا، سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی، تاهیر تۆفیق، حەسەن جزراوی و محەممەد عارف جزراوی رۆڵێکی گرینگی لە نوێ کردنەوەی گۆرانییەکانی ئەوان و ناساندنی زیاتریاندا گێڕاوە.
مامۆستا شاڕوخ بۆ خۆی خاوەنی زۆر ئاواز و گۆرانیی تایبەتە کەلە ناویاندا بە دانانی ئاواز لەسەر شیعری شاعیرانی سەردەم رۆڵێکی گرینگی لە ناساندنی زیاتری شیعری شاعیرانی کوردستانی ئێراندا بینیوە.