کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی فیڵدز خەڵاتی"بیرکاری نۆبێل"

15:33 - 28 گەلاوێژ 2718

قادر ئەلیاسی

تا رۆژی پێنجشەممە، ٢٠١٨/٨/٢ خەڵاتی فێڵدز بۆ زۆربەی گەلی کورد ناوێکی نەناسراو بوو. بە بەخشینی ئەو خەڵاتە بە بیرمەند و زانای کورد، کۆچەر بیرکار لە شاری ریودووژانیرۆی پێتەختی وڵاتی برێزیل، کۆمەڵگای کوردی لە دەرەوە و لە ناوخۆی وڵات بەرەبەرە بەو هەواڵە دڵخۆشکەرە گەشانەوە و بەو خەڵاتە شیاوە ئاشنا بوون. ناشوکری نەبێ، کورد تا رۆژگاری ئەمڕۆ لە وڵاتە دابەشکراوەکەی خۆیدا لە باتی خەڵات، قەڵاچۆ کراوە. هەموو کاتێک لە باتی ئەوەی چاوی لە خەڵات و بەرات و دەستخۆشانە بووبێ، بەردەوام بیری لای کارەسات و کۆمەڵکوژی بووە. بۆیە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی خەڵاتی فێڵدز و بەرگوێ کەوتنی ناوی کۆچەر بیرکار، ئەوسا راگەیەنەرە کوردییەکان کەوتنە رووماڵکردنی بابەتەکە و گرینگییان پێدا.

پێشینەی ئەم خەڵاتە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ چ کەس یان چ ناوەندێک بیریان لە دانی ئەم خەڵاتە کردۆتەوە؟

وێڕای پیرۆزبایی لە دوکتۆر کۆچەر بیرکار لە مەڕ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەچمە سەر مێژووی خەڵاتی فێڵدز و  بە پێی توانا زانیاریی پێویست لەو بارەوە دەخەمە بەرچاوی خوێنەران:

سەرەتا لە ناوی فێڵدزەوە دەست پێدەکەم. جۆن چارلز فێڵدز john Charles Fields لەدایکبووی ١٤ی مای١٨٦٣ی شاری هامیلتۆنی وڵاتی کانادایە. فێڵدز دوای تەواوکردنی دەورانی خوێندنی سەرەتایی تا ئامادەیی، ساڵی ١٨٨٤ لە زانکۆی تۆرۆنتۆ بڕوانامەی پێش دوکتورای وەرگرت و بۆ درێژەی خوێندن رووی کردە زانکۆی جانزهاپکینز لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا. دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دوکتۆرا لە ١٨٨٧، دوو ساڵ لەو زانکۆیە دەستی بە وانەوتنەوە کرد.  لە بەر ئەوەی هەستی دەکرد لە ئامریکا و کانادا وانەی بیرکاری بەو شێوەیەی پێویستە، گرینگیی پێنادرێ، خۆی گەیاندە ئورووپا. ماوەی ١٠ ساڵ لە ئورووپا مایەوە و پاش ئاشنابوون لە گەڵ زۆربەی زانایانی بواری بیرکاری لەو دەڤەرەدا وەک؛ کلین، فرینیوس، ڤیرشتراس، فوکس و هێنسێل و کۆکردنەوەی تۆشەبەرەیەکی باش لەو زانستە بە گشتی و بەشی جەبر بەتایبەتی، گەڕایەوە کانادا و ساڵی ١٩٠٢ لە زانکۆی تۆرۆنتۆ وەک مامۆستا دەستی بە وانەوتنەوە کرد.

بۆ ئەوەی لە وڵاتی کانادا زانستی بیرکاری بایەخی پێبدرێ، د. فێڵدز دەوڵەتی ئەو وڵاتەی رازی کرد کە ساڵانە ٧٥٠٠٠ دۆلاری کانادایی وەک بوودجەی تایبەت بۆ بیرکاری تەرخان بکا. ئەم پارەیە بە بەراورد لە گەڵ ئەو کاتە کە مووچەی مامۆستایەکی زانکۆ لە ساڵدا دەیکردە ١٠٠٠ دۆلار، پارەیەکی بەرچاو بوو. دوای ئەم هەنگاوە و کۆکردنەوەی زانایانی بواری بیرکاری، ساڵی ١٨٩٧، کۆمەڵەی نێونەتەوەیی بیرکاری دامەزرا و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا، هەر چوار ساڵ جارێک کۆبوونەوەی زانایانی بیرکاری لە ژێر ناوی کۆنگرەی نێونەتەوەیی بیرکاران پێکبێ. شەڕی یەکەمی جیهانی نەک هەموو پرۆژەیەکی زانستی، بەڵکوو رەوتی ژیانی بە خۆوە سەرقاڵ کرد. بۆیە ئەو خەونەی د.فێڵدزیش دواکەوت تا سەرەنجام ساڵی ١٩٢٢ بە هەوڵ و کۆششی دووبارەی ناوبراو و هاوبیرەکانی بڕیار درا ساڵی ١٩٢٤ کۆنگرە لە تۆرۆنتۆ بەڕێوەبچێ. ساڵی١٩٢٣ لە کۆبوونەوەیەکی پێش لە کۆنگرەی ١٩٢٤، فێڵدز وەک سەرۆک و جی ئێڵ سینج کە هاوکارێکی نێزیکی ناوبراو بوو، وەک جێگری کۆمیتەی زانستی بیرکاری هەڵبژێردرا. بیرۆکەی خەڵاتی فێڵدزیش هەر پێش لە بەستنی کۆنگرەی١٩٢٤، هاتە ئاراوە. کۆمیتەی زانستی بیرکاری لە ٢٤/٢/١٩٣١ بڕیاری دا خەڵاتێک بۆ براوەی زانستی بیرکاری لەبەرچاو بگرێ کە مەدالێک بوو بە وێنەی ئەرەشمیدۆس، زانای یۆنانی بواری زانستەکانی فەلسەفە، فیزیک و بیرکاری. وێڕای ئەو مەدالە، بڕیار درا رادەی ٢٥٠٠ دۆلاری کاناداییش بدرێ بە براوەکانی خەڵاتەکە.

بەداخەوە تا فێڵدز لە ژیاندا بوو، خەڵاتەکە دابەش نەکرا. جۆن چارلز فێڵدز لە ١٩٣٢/٨/٩ ماڵاوایی لە ژیان کرد. یەکەم خەڵات کە دابەش کرا، لە ساڵی ١٩٣٦ لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نۆروێژ بوو کە درا بە لارس ئاڵفورس(زانای خەڵکی فەنلاند) و جێسی داگڵاس(بیرمەندی خەڵکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا).  لە دوای ئەم قۆناغەش کە یەکەم خەڵاتی تێدا دابەش کراوە، بە هۆی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە دیسان دابەشکردنی خەڵات و لێکۆڵینەوە لە بواری زانستی بیرکاری راگیرا. لە دوای ٩ ساڵ تێپەڕین بە سەر شوێنەوارەکانی شەڕدا، ژیان بەرەبەرە گەڕایەوە بۆ کەشێکی ئارامتر. بۆیە لە ١٩٥٤، بۆ جاری دووهەم، خەڵاتی فێڵدز دابەشکرا و لەو رێکەوتە بەم لاوە، دابەشکردنی خەڵاتی فێڵدز بەبێ وەستان، ٤ ساڵ جارێک بەڕێوە چووە.

ئەم خەڵاتە کە ناوی خەڵاتی فێڵدزە و بۆ براوەکانی زانستی بیرکاری تەرخان کراوە، لە گەڵ ئەوەی بە جیا لە وڵاتی کانادا دابەش دەکرێ و لە ڕیزی خەڵاتەکانی نۆبێلدا نەهاتووە، بەڵام لە بەر گرینگیی زانستی بیرکاری وەک زانستەکانی ١ـ فیزیولۆژی و پزیشکی ٢ـ ئەدەبیات٣ـ فیزیک و شیمی٤ـ ئابووری ٥ـ ئاشتی کە بوارەکانی خەڵاتی نۆبێلن، چاوی لێدەکرێ. هەر بۆیە بە خەڵاتی نۆبێلی بیرکارییش ناودێر کراوە. بە واتایەکی دیکە ناودێرکردنی خەڵاتی فێڵدز بە نۆبێل، لە بەر ئەوەیە تا هەم گرینگیی خەڵاتەکە دەربکەوێ و هەم بە هاوشانی ئەو زانستانە  دابنرێ کە لە خشتەی خەڵاتەکانی نۆبێلدا هاتوون. لە ڕاستیدا، دابەشکردنی یەکەم جاری ئەو خەڵاتە(فێڵدز) لە ئۆسلۆ،  رەنگە بە رێکەوت نەبووبێ. ئەگەر ئەم گریمانە بەو مەبەستە بووبێ، ئەو راستییە دەسەلمێنێ کە خەڵاتی نۆبێل و فێڵدز لە یەک ئاستی وەک یەک و پێکەوە گرێدراون.

خەڵاتی فێڵدز(Fields Medal)، خەڵاتێکە چوار ساڵ جارێک دەبەخشرێ بەو کەسانەی کە کارێکی نوێ و داهێنانێکی گرینگیان لە بواری بیرکاریدا بە ئەنجام گەیاندووە. تەمەنی براوەکانی خەڵاتی فێڵدز دەبێ لە خوارەوەی چل ساڵ بن. مەبەست لە دیاری کردنی ئەم تەمەنە بۆ ئەوەیە کە ئەو زانایانە، بۆ پێشخستنی ئەو زانستە، پتر خۆیان ماندوو بکەن. تەنیا جیاوازیی خەڵاتی نۆبێل لەگەڵ فێڵدز ئەوەیە کە خەڵاتی نۆبێل ساڵانە  دابەش دەکرێ، بەڵام فێڵدز چوار ساڵ جارێک.

خەڵاتی ٢٠١٨ی فێڵدز بەخشرا بە چوار زانای بواری زانستی بیرکاری کە بریتین لە:

١ـ کۆچەر بیرکار، لە زانکۆی کەمبریجی بریتانیا ٢ـ پێتر شوڵتز، لە زانکۆی بۆنی ئاڵمان ٣ـ ئالسێو فیگالی، زانای بیرکاری خەڵکی ئیتالیا و ٤ـ ئاکشای ڤێنکاتش، لە زانکۆی ستێنفۆردی ئوسترالیا.

د.کۆچەر بیرکار لە چەند دێڕێکدا:

کۆچەر بیرکار یان فەرەیدوون درەخشانی، لەدایکبووی ١٣٥٦ی هەتاوی(١٩٧٨ز) گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە. سێهەمین منداڵی بنەماڵەیە. باوکی خوێندەوارە و دایکی نەچۆتە خوێندنگە. لە بنەماڵەیەکی جووتیار چاوی بە ژیان هەڵهێناوە و دوای تێپەڕاندنی دەورانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی، بۆ درێژەی خوێندنی باڵا، رووی کردۆتە تاران. بڕوانامەی لە رشتەی کارناسی لە زانکۆی تاراندا وەرگرتووە. ناوبراو بە هۆی لێوەشاوەیی لە بواری بیرکاریدا، بۆ بەشداریی لە ئۆلەمپیکی نێونەتەوەیی بیرکاری خوێندکاران، هەڵبژێردرا کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بریتانیا بەڕێوەدەچوو. دوای بەشداریکردن و وەرگرتنی خەڵاتی پلەی ٣ لەو ئۆلەمپیکەدا، بە لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسیی خۆی وەک کوردێک و خوێندنەوەی دۆخی کورد لە ئێران، نەگەڕایەوە و لە لەندەن مایەوە و داوای پەنابەریی سیاسی کرد. ساڵێکی خایاند تا وەک پەنابەری سیاسی وەرگیرا. لەو ماوەیەدا لە شاری ناتینگهام نیشتەجێ کرا. لەو کاتەدا کە چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی پەنابەری بوو، لە گەڵ کۆڕی زانستی زانکۆی ناتینگهام کۆ بۆوە و وەک خوێندکار ناونووسی کرد. پاش وەرگرتنی مافی پەنابەری، چووە زانکۆ و لە ساڵی ٢٠٠٣دا وەک شیاوترین خوێندکاری دوکتۆرا، بۆرسی خوێندنی لە زانکۆی بیرکاری لەندەن، وەدەست هێنا. لە ساڵی ٢٠٠٤دا بڕوانامەی دوکتۆرای لە زانکۆی ناتینگهام وەرگرت.

ئەو خەڵاتانەی تا ئێستا بە کۆچەر بیرکار بەخشراون، بریتین لە:

١ـ خەڵاتی لورهوڵم، پاریس ٢٠١٠

٢ـ خەڵاتی ناوەندی بیرکاری پاریس، ٢٠١٠

٣ـ خەڵاتی مۆر AMS، ٢٠١٦(وتارێکی لێکۆڵینەوە)

٤ـ خەڵاتی فێڵدز، ریودوژانیرۆ٢٠١٨

دوکتۆر کۆچەر بیرکار، خێزاندارە و خاوەنی ١ کوڕە بە ناوی زانکۆ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.