کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی نۆبێل بە دوو ژن لە بەشی "شیمی" درا

12:23 - 17 رەزبەر 2720

دوو ژن لە ئامریکا و فەرانسە وەک براوەی خەڵاتی نۆبێل لە بەشی "شیمی" دیاری کران و خەڵاتەکەیان پێدرا.

خەڵاتی نۆبێل بە شێوەی هاوبەش بە "جێنیفێر دوودنا" بیرمەندی ٥٦ ساڵەی ئامریکا و "ئیمنۆئێل شارپانتیە" بیرمەندی ٥١ ساڵەی فەرانسوی درا.

ئەو خەڵاتە بەهۆی دۆزینەوەی ڕێگای ناسراو بە "مقەستی مۆلۆکوولی" (قیچی مولکولی) کە بۆ "ئیسلاحی ژێن" ناسراو بە (٩CRISPR-cas) بەکار دێت؛ بەو دوو ژنە دراوە.

لە ماوەی ١١٩ ساڵی ڕابردوودا ئەوە چوارەمین جارە کە خەڵاتی نۆبێل بە ژنان دەبەخشرێت.

"کلێس گوستافسۆن" سەرۆکی کۆمیتەی شیمیی نۆبێل وتوویەتی، ئەو ڕێگایەی ئەو دوو ژنە لە بواری "مقەستی مۆلۆکوولی" دۆزیویانەتەوە، خزمەتێکی زۆر بە ژیان دەکات.

یەکەمجار ساڵی ٢٠١٨ بیرمەندێک توانی بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێگای "مقەستی مۆلۆکوولی" لە ژێنی مرۆڤدا منداڵێک بە دنیا بێنێت کە لە بەرانبەر ڤایرۆسی "ئایدز" خۆڕاگر بێت.

کاری ئەو بیرمەندە لەگەڵ ڕەخنەی توندی کەسانی مەزهەبی بەرەوڕوو بووەوە و ئەو کارەیان بە دەستێوەران لە کاروباری خودا لەقەڵەم دا.