کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک بە هەڕەشە بۆ سەر شەقامەکان ڕاکێشراون

12:56 - 16 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەیکە پیشان بدات کە خەڵک لایەنگری ڕێژیمن، بە هەڕەشە و زۆرەمڵێ ئەوانیان هێناوەتە سەر شەقامەکان.

ئەمڕۆ لە مەراسمی دەفن ‌کردنی قاسم سلێمانی و چوار پاسدارە کوژراوەکەی دیکه، خەڵکی کوردستان و ئێران بە زۆر بۆ ئەو مەراسمە ڕاکێشراون.

ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەیکە لەو مەراسمەدا ڕەوایی بۆ خۆی بەدەست بێنێت، پشووی لە قوتابخانە و زانکۆکان ڕاگەیاندووە.

تاقیکاریی زانکۆ و قوتابخانەکانی ئەمڕۆ و سبەی، لەلایەن ڕێژیمەوە خراونەتە ڕۆژانی دواترەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە دەستوپێوەندییەکانی خۆیان کردووە کە ئەگەر لەو مەراسمەدا بەشدار نەبن، سزا دەدرێن.

"لن خۆدورکۆفسکی"، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشە خەڵکی هێناوەتە سەر شەقامەکان".

میدیاکانی ڕێژیم بڵاویان کردووەتەوە، خەڵک بێ ‌گوێدان بە ڕووداوەکانی پاییز لە مەراسمی قاسم سلێمانیدا، بەشدار بوونە.

ڕێژیم ئەگەرچی پیشان دەدات کە خەڵک پشتیوانی دەسەڵاتن، بەڵام خەڵک بۆ کوژرانی قاسم سلێمانی شیرینی و نوقڵیان بڵاو کردبووەوە.