کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک بەربژێرەکانی ڕێژیم ڕاو دەنێن

10:24 - 30 رێبەندان 2719

بەربژێرەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان لە کاتی بانگەشەکردنیاندا، بۆ دەنگ‌هێنانەوە، لەلایەن خەڵکەوە هێرش دەکرێتە سەریان و ڕاو دەنرێن.

لە شاری بانە، ستادی بانگەشەی یەکێک لە بەربژێرەکانی ڕێژیم بە ناوی "موحسن بیگلەری"، لەلایەن خەڵکەوە هێرشی کراوەتە سەر و ستادی بانگەشەکردنەکەیان پێ داخستووە.

خەڵکی شاری بانە لەو هەڵویستە بوێرانەیەدا، بە تۆپەڵە بەفر هێرشیان کردووەتە سەر ستادی ئەو بەربژێرەی ڕێژیم و شووشەکانی ئەو ستادەیان شکاندووە و بەنێرەکانیان دڕاندووە.

هەروەها لە شارۆچکەی "خەلیفان"، سەر بە شاری مەهاباد خەڵک ڕێگەیان بە بەربژێرەکانی ڕێژیم نەداوە کە بانگەشە بۆ خۆیان بکەن و لە مزگەوت دەریان کردوون.

هەروەها لە شارەکانی کوردستان بەربژێرەکانی ڕێژیم بەرەبەرە لە بەربژێربوونیان پاشەکشە دەکەن.

لە شارەکانی پاوە ٥ کەس، ورمێ ٥ کەس لە بەربژێرە کوردەکان، سەردەشت و پیرانشار ٥ کەس، نەغەدە ٧ کەس، کرماشان ١٧ کەس و هەروەها لە شارەکانی دیکەشدا وەک مەریوان، بانە و ڕوانسەر، بەربژێرەکانی ڕێژیم بەردەوام پاشەکشە دەکەن.

هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ڕێژیم لەلایەن خەڵکەوە بایەخێکی نییە و بەتایبەت لە کوردستان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووە و تەنانەت زۆربەی بەربژێرەکانی ڕێژیمیش لە ترسی ڕیسوابوون لە هەڵبژاردنەکان دەکشێنەوە.