کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان بە دژی ڕێژیمی ئیران لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان پەرەی سەندووە و خەڵک هاتوونەتە سەر شەقامەکان. خەڵک بە دژی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم دروشم دەدەن.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بەفرانبار، دوابەدوای دانپێدانانی ڕێژیم بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە دژی ڕێژیمی ئێران گەیشتە ڕۆژی دووهەم و لە شارەکانی: ''سنە، کرماشان، تاران، شیراز، بابێل، یەزد، ئیسفەهان، قەزوین، مەشەهد، سێمنان، ئەراک و ئامۆل''، ناڕازییان هاتوونەتە سەر شەقام و دژی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسەکانی دروشم دەدن.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەکانی سنە و کرماشان گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە، هەتاکوو بڵاوە بە خەڵک بکەن.
خۆپیشاندەران بە دروشمەکانی: ''نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی''، "سپای بێ کیفایەت مایەی سەرشۆڕی خەڵکی"، ''نەمان بۆ دیکتاتۆر''، ''نەمان بۆ خامنەیی''، ''سپای پاسداران بۆ ئێمە داعشە''، ''سپا تاوان دەکات، ڕێبەر پشتیوانی دەکات'' و دەیان دروشمی دیکە دژی ڕێژیم و سپای پاسداران و بەسیج، لە شەقامەکان ناڕەزایەتیی خۆیان دەر دەبڕن.