کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لە دژەگەندکردن و دابڕگەکردنی شارەکان بەردەوامن

12:02 - 27 رەشەمه 2719

کەمپەینەکانی بەرگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەوڵەکانیان بەردەوامن و داوا لە خەڵکی شار و گوندەکان دەکەن بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانیان هاوکاری کەمپەینەکان بن.

لە درێژەی چالاکییەکانی کەمپەینەکانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند شار و گوندی دیکەی کوردستان لەلایەن خەڵک و کەمپەینەکانەوە، لەوانە: "ورمێ، مەهاباد، سەقز و هەروەها گوندی نێ"، دابڕگە کران.

هەروەها چەند کەمپەینی دیکەی بەرگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە و داوایان لە خەڵک کردووە کە بە هەر شێوازێک کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ باشتر بەڕێوەچوونی هەوڵ و چالاکییەکانیان.

"تیمی دژە کۆرۆنای زەردۆ" لە شاری پاوە، بە هاوکاریی "کەمپەینی پارێزەرانی ژیانی جوانڕۆ"، بە پێشنیاری هەژمارێک لە هاونیشتمانییانی دڵسۆز، بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە و داوایان لە خەڵکی "زەردۆ" کردووە کە هاوکاری باش و ڕێکوپێک لە پرۆسەی دژەگەندکردنی شەقام و کۆڵانەکاندا بن.

لەلایەکی دیکەشەوە، "کەمپەینی پارێزەرانی ژیان" لە سەقز دەستبەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند و کۆمەڵێک لە خەمخۆرانی نیشتمان لەژێر ناوی ئەو کەمپەینەدا هەستاون بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە.

ئەو کەمپەینە هەر لە یەکەم دەستپێکدا، ٣٠٠ ماسکیان لەنێو گەڕەکی کەمداهاتی "تازاوا"ی شاری سەقز بڵاو کردەوە.

چالاکانی ئەو کەمپەینە سەرەڕای سنوورداربوونی کەرەستەکانی بەردەست، لە چالاکییەکانیان بەردەوامن و خەڵکیش پێشوازییەکی باشیان لەو هەوڵەیان کردووە.

لە قەیرانی کۆرۆنادا ڕێژیمی ئێران هیچ هەوڵێکی جیددی و بەکردەوە بۆ پێشگرتن بە تەشەنای ئەو ڤایرۆسە نادات و خەڵک بە ناچاری و لە گیرفانی خۆی کەلوپەل دابین دەکەن و بەرەوڕووی ئەو قەیرانە دەبنەوە.