کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لە ساڵی ٩٩دا دەبێ چاوەڕوانی گرانیی زیاتر بن

11:14 - 12 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: درێژەکێشانی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیم و قەدەغەبوونی فرۆشتنی نەوتی ئێران، بنەماڵەکانی ئێران تووشی خەساری گەورە دەکات. نەفرۆشرانی نەوت بە نرخی گونجاو درزێکی ١٢ میلیارد دۆلاری دەخاتە نێو بودجەی ساڵی ٩٩ی ئێرانەوە.

بەپێی گەلاڵەی بڵاوکراوی بودجەی ساڵی ٩٩ی ئێران، ڕێژیم ٤٢٠ هەزار میلیارد تمەنی بۆ سەرچاوە گشتییەکان تەرخان کردووە.

بەپێی دۆخی گەمارۆکان و دۆخی نالەباری ئابووری و داخرانی کارگە و کارەکان، بەراوردەکان نیشان دەدەن کە گەلاڵەی ساڵی ٩٩، لە بەشی ماڵیات و فرۆشتنی نەوتدا، چەواشەکاریی تێدایە و لە ڕاستییەوە نزیک نییە.

لەم گەلاڵەیەدا ڕێژیم ئیدەعای ئەوەی کردووە کە لە ساڵی ٩٩دا، دەتوانێت لە ڕێگەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتەوە، داهاتێکی ١٠ هەتا ١٢ میلیارد دۆلاری بەدەست بێنێت، بەڵام بەپێی لێکدانەوە ئابوورییەکان، ئەم داهاتە هیچکات بەدەست نایەت.

دیاریکردنی ئەم ڕەقەمانە لە بودجەی ساڵی داهاتوو لە حاڵێکدایە کە گەمارۆوە نەوتییەکان گەورەترین لەمپەر بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێرانن و دەوڵەتی "ڕووحانی" تەنیا توانیویە لە ساڵی ٩٨دا ، ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

کارناسێکی ئابووری لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە بەپێی لێکدانەوەکان، خەڵک دەبێ لە ساڵی ٩٩دا چاوەڕوانی گرانیی زیاتر بن.

بڕیارە دەوڵەت بۆ ساڵی داهاتوو ڕێژەی ماڵیات تا ٣٠ لەسەد و تێچووی گومرۆکیش زیاد بکات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لە مەعافبوونی ١٠٠ لەسەدیی سێلێبریتییەکان لە دانی ماڵیات دەکرێت، بە واتایەکی تر خەڵکی هەژار لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو هەژاری دەچن و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا سەقامگیر دەبێت.