کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لە گوندی کەسنەزانی سەقز دژی ڕێژیمی ئێران هاتنە دەنگ

17:46 - 27 رێبەندان 2719

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژیم لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانیەوە هەوڵی داوە لە گوندی "کەسنەزان" هەڵکەوتوو لە ناوچەی "سەرشیو"ی سەقز، بنکەی بەسیج لە تەنیشت مزگەوتی ئاوایی ساز بکات.

دوای ئەو هەوڵەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ پەرچەکردار و دژکردەوەی توندی خەڵکی کەسنەزان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

 بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕێژیم هەوڵی ترساندن و هەڕەشەکردنی لە خەڵکی داوە تاکوو ملکەچی بڕیاری خۆیانی بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و خەڵک ئامادە نەبوونە بچنە ژێر باری زۆر و ئیزنیان بە دامەزراندنی "بنکەی سەرشۆڕی" لە گوندەکەیان نەداوە.

هاوکات یەکێک لە دانیشتووانی ئەم گوندە کاتێک ویستوویەتی خەڵک هێور بکاتەوە تاکوو یارمەتیدەری ڕێژیم بن بۆ سازکردنی ئەم بنکەیه، لەلایەن خەڵکی گوندەوە لۆمە کراوە.

گوندی کەسنەزان خاوەن ڕابردوویەکی پڕسەروەری لە ڕەوتی شۆڕشی ئازادیخوازانەی گەلی کوردە و تا ئێستە چەندین شەهیدی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە.

سەرەتاکانی شۆڕش و لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا کەسنەزان یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەکانی بووە کە تێیدا بنکەی فەرمیی حیزب دامەزرابوو.