کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لە ئێران بە چەک وڵامی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم دەدەنەوە

11:15 - 10 رەشەمه 2720

چەندین کەسی چەکداری نەناسراو لە پارێزگای ئیلام هێرشیان کردە سەر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و چەند کەسیان لێ کوشتوون و بریندار کردوون.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمە، کەسانێکی نەناسراوی چەکدار لەسەر پردی "گامێشان" لە شاری "دەڕەشار" لە پارێزگای ئیلام هێرشیان کردە سەر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم.

بەپێی زانیاریی کاناڵە خۆجێییەکان چەندین کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار بوونە، بەڵام ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیم تەنیا باسی کوژرانی یەک کەس و برینداربوونی کەسێکی دیکەیان کردووە.

پردی "گامێشان" لە مەودای نێوان دوو پارێزگای ئیلام و لوڕستان لە شاری "دەڕەشار" لە ١٣٠ کیلۆمەتریی ناوەندی پارێزگای ئیلامە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی بەلووچ دژ بە کردەوە سەرکوتکارانەکانی ڕێژیم وەستاونەتەوە و هەتا ئێستاش ئەو تێکهەڵچوونانە لەنێوان هێزەکانی ڕێژیم و خەڵک بەردەوامە.