کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لە ئێران توانای کڕینیان نەماوە

13:32 - 21 بانەمەڕ 2720

دۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی حەقدەستی پێویست بۆ کرێکاران وای کردووە کە لانیزۆری خەڵک لە ئێران توانای کڕینیان نەمێنێت.

لە حاڵێکدا کە دوایین ئامار سەبارەت بە هێڵی هەژاری ٥ تا ٦ ملیۆن تمەن ڕاگەیەندراوە، بەڵام "عەلیڕەزا مەحبووبفەر"، خەسارناسی کۆمەڵایەتی لەو پەیوەندییەدا وتوویەتی کە هێڵی هەژاری لە بانەمەڕی ساڵی ٩٨دا ٨ ملیۆن تمەن ڕاگەیەندراوە، بەڵام نرخی هەژاری لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە ئەمساڵدا بۆ هەر بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە سنووری ٩ ملیۆن تمەن تێپەڕیوە.

ئابووریی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ قەیرانگەلێکی زۆر بەرەوڕوو بوو کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بە: "چوونەسەرەوەی نرخی دراو، گرانیی پێداویستییە سەرەکییەکان، گەمارۆوە نوێیە نەوتییەکان، نەگەڕانەوەی دراوی بەرهەمهاتوو لە هەناردەی کاڵاکان و گرینگتر لە هەموو نەمانی توانای کڕینی خەڵک" بکەین.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان نیشان دەدات کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی کرێکاران لە ئێران لەژیر هێڵی هەژاریدان.

لانیکەمی حەقدەستی کریکاران نابێ کەمتر لە ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن بێت کە تەنانەت ئەو حەقدەستەش لە ئیستادا کەمە و دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بانکی جیهانی، هەر دانیشتووی ئێرانی بۆ هاتنە سەرەوە لە هێڵی هەژاری دەبێ ڕۆژانە ٥.٥ دۆلار داهاتی ڕۆژانەی بێت، بەڵام نێونجیی داهاتی هەر دانیشتوویەکی ئێرانی ٣.٢ دۆلارە.

ئەم ئامارە ئابوورییانە لەسەر چارەڕەشیی خەڵکی ئێران و کوردستان نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئێران تووشی داڕمانی ئابووری و نەمانی توانایی بەڕێوبەریی ئابووریی وڵاتەکەی بووە و لێکەوتەکانیشی تەنیا یەخەی خەڵکی هەژار و بێدەرەتان دەگرێتەوە.