کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک و چالاکانی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا بەردەوامن

11:53 - 3 خاکەلێوه 2720

سەرەڕای بێکیفایەتییەکانی ڕێژیم لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، خەڵکی کوردستان بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان لە دژەگەندکردن و گیراوە دروستکردن بەردەوامن و پارێزگاری لە ژیانی خەڵک دەکەن.

خەڵکی شاری "نۆدشە" سەر بە پاوە، بە دانانی کەمپەینی "پارێز"، بە مەبەستی پاراستنی ژیانی خەڵک لە بەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، دەستیان بە دژەگەندکردن و دروستکردنی گیراوە کردووە.

لاوانی خەمخۆری شاری "دێولان"، سەر بە ناوچەی لەیلاخ، بۆ چەندەمین جار نێو شار و گوندەکانی ئەو ناوچەیەیان دژەگەند کردووە.

هەروەها لە شاری "شنۆ"، لە گوندەکانی: "پرداوێ، کۆنەقەڵا و جاشێران" لەلایەن خەڵکەوە دژەگەند و دابڕگە کرا و "پارێزەرانی ژیان" لە "گوندەوێڵە"، ماوەی یەک حەوتوویە کە ڕێگای هاتوچۆی گوندەکە چاوەدێری دەکەن و ٤ جار دژەگەندیان بەنێو گوندەکەدا پڕژاندووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا لاوانی گوندی "گەزگەسکـ"ـی پیران، سەر بە پیرانشار، بەتەواوەتی گوندەکەیان دژەگەند کردووە.

خەڵکی کوردستان لە هەموو قەیرانێکدا، بە هاوکاری و شان بە شانی یەک، بۆ پاراستنی کوردستان و خەڵکی کورد لە بەڵاکان هەوڵ دەدەن و لە بەرانبەردا ڕێژیمی ئێران، هەوڵی زیاتر بۆ قەیراناویکردنی دۆخی خەڵک، بەتایبەتی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدات.