کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک پەیکەرەی قاسم سلێمانی لە شارەکانی کوردستان و ئێران ئاگر تێبەر دەدات

11:26 - 17 بەفرانبار 2721

ئاگرتێبەردانی پەیکەرەی قاسم سلێمانی لە مەیدانی شارەکانی ئێران و کوردستان ڕقی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی هەستاندووە.

لە کاردانەوە بە ئاگرتێبەردانی پەیکەرەی قاسم سلێمانی لە مەیدانی "قەمەری بەنی هاشمـ"ی "شاری کورد" لە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری، نوێنەری وەلی فەقیهـ لەو پارێزگایە، ئەو کارەی بە "جنایەت" وەسف کردووە.

قاسم سلێمانی بە نانەوەی ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێی ئێران و پشتیوانیی ماددی لە گرووپە تێرۆریستەکانی ناوچە ناوبانگی دەرکردبوو و خەڵکی ئێران وەکوو کەسێکی دوژمن بە قازانجەکانی خەڵکی ئێران سەیریان دەکرد.

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ بە دانانی پەیکەرەی تیرۆریست قاسم سلێمانی لە مەیدانی شارەکانی ئێران و کوردستان، ئەو تێرۆریستە وەکوو کەسێکی باش بە خەڵک بناسێنێ بەڵام خەڵک بە سووتاندنی پەیکەرەی قاسم سلێمانی لە مەیدانی شارەکان ئەو پلانەی ڕێژیم پووچەڵ دەکەنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار، بەرپرسانی "شاری کورد" لە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری لە مەیدانی "قەمەری بەنی هاشمـ"ی ئەو شارە پەردەیان لەسەر پەیکەرری قاسم سلێمانی لادا، بەڵام چەند کاتژمێر دوای دانانی، پەیکەرەکە لەلایەن خەڵکەوە ئاگری تێبەردرا.