کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک ڕوویان هێناوەتە خواردنی دڵ و جەرگ و سیکەتۆرەی مریشک

17:04 - 8 سەرماوەز 2720

پاش گرانبوونی مریشک لە ئێران، خەڵک ڕوویان هێناوەتە کڕین و خواردنی جەرگ و سیکەتۆرە و دڵ و لاقی مریشک.

"مەهدی یووسفخانی" سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی مریشک و ماسی، ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز وتوویەتی: "بە چوونەسەرەوەی نرخی مریشک لە ئێران، بەکارهێنانی سیکەتۆرە، دڵ، جەرگ و لاقی مریشک لانیکەم ٣ ئەوەندەی جاران زیادی کردووە".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕووداوە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویداوە و زیادی کردووە.

"یووسفخانی" هەروەها وتوویەتی کە چوونەسەرەوەی کڕینی ئەو جۆرە خواردنانە نیشان دەدات کە کڕینی مریشک لە توانای زۆربەی خەڵکدا نەماوە.

ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز ڕایانگەیاند کە نرخی مریشک لە یەک ڕۆژدا ٥٢ لەسەد زیادی کردووە.

"نەسروڵڵا پژمانفەر" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ڕێژیم لە تویتێرەکەی خۆیدا، ڕێژیمی بە "درۆوتن" تاوانبار کردووە.

ناوبراو لە تویتێکدا نووسیویەتی: "نرخی مریشک لە سەرەتاکانی ساڵی ٩٨ـەوە بە بناخەی دراوی ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنییەوە، کیلۆیەک ٧ هەزار و ٥٠٠ تمەن بووە، ئەگەر چوونەسەرەوەی هۆکارەکانی دیکەی بەرهەمهێنان ٢٠ لەسەد بخەمڵێندرێت، نرخی کۆتایی مریشک دەبا کیلۆیەک ١٠ هەزار با، ئەمە نیشاندەری درۆ وتنی ڕێژیم بۆ دابینکردنی بناخەکانە بە دراوی دەوڵەتییەوە".

دۆخی گرانیی مریشک وای لە خەڵکی ئەو وڵاتە کردووە کە بۆ بەکارهێنانی گۆشت لەسەر سفرەکانیان ڕوویان هێناوەتە دڵ و جەرگ و سیکەتۆرە و لاقی مریشک کە سەردەمانێک فڕێ دەدرا.