کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک "یارانەی مەعیشەتیـ"ـیان وەرنەگرتووە

17:11 - 3 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێژیم لەهەمبەر پێدانی "یارانەی مەعیشەتی" بە ٦٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا، خەڵک دەڵێن هیچمان وەرنەگرتووە و ڕێژیم تەنیا دروشمی داوە.

ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیم باسی لەوە کردبوو کە داهاتی ٣١ هەزار میلیارد تمەنیی گرانکردنی نرخی بێنزین دەڕژێتە حسێبی ١٨ ملیۆن بنەماڵەی ئێرانەوە کە لە مانگی خەزەڵوەردا جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم ڕێکخراوەیە، ئەم یارانەیە بۆ کەسانێکە کە دۆخی ئابوورییان باش نییە و جیا لە یارانەکەی خۆیان ئەمەشیان پێ دەدرێت.

ئەو قسەیەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران تەنیا دروشم بووە و کەس یارانەی لەم چەشنەی وەرنەگرتووە.

هاوکات لەگەڵ گرانکردنی نرخی بێنزین خەڵک هاتنە سەرشەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ دوو ڕۆژ دواتر "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیم، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هاتە سەر هێڵ و وتی کە دەستمان پێکردووە و لە سێ قۆناغدا یارانەکە بە ٦٠ ملیۆن کەس دەدرێت.

پاش تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر گرانکردنی بێنزیندا، کۆمەڵێک لە خەڵکی کەمداهاتی ئێران، باسیان لەوە کردووە کە هیچ پارەیەک نەهاتووەتە سەر حسێبەکانیان و ڕێژیم درۆی لەگەڵ کردوون.

ڕێژیمی ئێران ئەمجارەش وەکوو هەمیشە لە کاتێکی قەیراناویدا بە مەبەستی چەواشەکاری و فریودانی خەڵک، باسی لە پێدانی ئەم پارەیە بە خەڵک کرد تاکوو بەم شێوەیە بتوانێت ناڕەزایەتییەکان کەم بکاتەوە و دۆخی ڕێژیم کۆنترۆڵ بکات.