کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک یارمەتی دەکات و ڕێژیمیش سەیری دەکات

12:00 - 24 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان و ئێران بەبێ گوێدان به هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، خۆیان یارمەتی کۆ دەکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم دەیانەوێت ئەو یارمەتییانە بە ناوی خۆیانەوە تەواو بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، داواکارییەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بە مەبەستی گەیاندن بە لافاولێدراوەکان لە هەموو دامودەزگاکانی ئەو ڕێژیمە درێژەی هەیە. ئەو داواکارییە سەرجەم کارناسانی ئەندام لە کانوونی کارناسان، کارناسانی فەرمیی دادگوستەری و کانوونی پارێزەران، کارناسانی نیزام موهەندیسی لە بوارەکانی ڕێگاوبان و بیناسازی، کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتییەکان دەگرێتەوە.

ڕێژیم لە ڕێگای کورتەپەیامەوە لە کارناسان و پارێزەران داوای هاوکارییان لێ دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوە کرد، بۆ دەسەڵاتێک بەو هەمووە سەرچاوە دارایییانە، زۆر جێگای داخ و شەرمە کە بە زۆری لەو دۆخە ئابوورییەدا داوا لە خەڵک دەکات، لە داهاتی خۆیان کە بەشی بژیوی خۆیان ناکات هاوکاری بۆ لێقەوماوان کۆ بکەنەوە، یان لە مووچەی مانگانەیان کەم بکاتەوە بۆ ئەو کارانە کە ئەرکی سەرشانی خۆیە خەرجی بکات.

ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە، کە خەڵکی ئێران و کوردستان خۆیان تەواو هەست بە دۆخی نالەباری لێقەوماوان دەکەن و بە گیان و بە دڵ ئامادەی گەیاندنی یارمەتی ماڵی و مرۆڤی بۆ لێقەوماوانن.

ڕێژیمی ئێران، لە کاتی لێقەوماندا، هیچ یارمەتییەکی پێویست به خەڵک ناکات و خەڵک خۆیان یارمەتی یەکتری دەدەن، بەڵام ڕێژیم و کاربەدەستەکانی پێش بە چالاکانی خۆڕسک و ئەنجومەنەکان بۆ یارمەتی کۆکردنەوە و گەیاندنی بە یارمەتیخوازان دەگرن.