کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک ئەم مانگە چاوەڕوانی یارانەی بێنزین نەبن

12:18 - 9 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەگەرچی بڕیار بوو یارانەی گرانبوونی بێنزین بە بنەماڵەکان بدەن، بەڵام نایدەن.

"محەممەدباقر نۆبەخت"، سەرۆکی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی، یارانەی بێنزین لە ئەم مانگەدا بە خەڵک نادرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیم و لە سەرووی هەموانەوە سەرکۆماری ڕێژیم لە ئیدەعایەکی تردا وتبوویان کە یارانەی بێنزین بە خەڵک دەدرێت.

هاوکات لەگەڵ گرانکردنی نرخی بێنزین، خەڵک هاتنە سەرشەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ دوو ڕۆژ دواتر "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیم، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هاتە سەر هێڵ و وتی، دەستمان پێکردووە و لە سێ قۆناغدا یارانەکە بە ٦٠ ملیۆن کەس دەدرێت.

پاش تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر گرانکردنی بێنزیندا، کۆمەڵێک لە خەڵکی کەمداهاتی ئێران، باسیان لەوە کردووە کە هیچ پارەیەک نەهاتووەتە سەر حەسێبەکانیان و ڕێژیم درۆی لەگەڵ کردوون.

ڕێژیمی ئێران ئەمجارەش وەکوو هەمیشە لە کاتێکی قەیراناویدا بە مەبەستی چەواشەکاری و فریودانی خەڵک، باسی لە پێدانی ئەم پارەیە بە خەڵک کرد تاکوو بەم شێوەیە بتوانێت ناڕەزایەتییەکان کەم بکاتەوە و دۆخی ڕێژیم کۆنترۆڵ بکات.