
لە دەهەمین ڕۆژ لە ڕووخانی بینای "مێترۆپۆل" بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت، بەرق و داخستنی دووکان و بازاڕەکان لە شەقامەکان دۆخێکیان پێک هێناوە کە خەڵک ئەم دۆخە بە "ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامی" وەسفی دەکەن.
لاوازیی ئینتێرنێت، پچڕانی "بەرقـ"ـی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە و بەسترانی دووکان و بازاڕەکان بە تەواو مانا باس لە بەڕێوەچوونی حکوومەتی نیزامی لەو شارە دەکات.
ئەو دۆخە لە ئێوارەی ڕۆژی شەممەوە لەو شارە زاڵ کراوە و ڕۆژی چوارشەممە ئەو دۆخە چەند بەرابەر توندتر بووەتەوە.
بەرپرسانی ڕێژیم بە پچڕاندنی بەرق و هێڵی ئینتێرنێت لە هەوڵی ئەوەدان کە ڕێ لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕووداو و پێشهاتەکان بگرن.
"سەعید حافزی" ڕۆژنامەنووسی خەڵکی ئابادان دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان باسی لەوە کردووە کە چوار هەزار هێزی چەکدار لەنێو شاری "ئابادانـ"ـدا بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک بڵاوەیان پێ کراوە.
هێزەکانی ڕێژیم لەنێو شاردا لە ترسی ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی خەڵک هەوڵی ئەوە دەدەن کە تا ئەو جێگایەی دەتوان تەنانەت ڕێگا لە کۆبوونەوەی دوو کەسی و سێ کەسی بگرن و بە گشتی هاتوچۆی خەڵک قەدەغە کراوە.