کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی خۆی داوای هاوکاری دەکەن

17:48 - 5 رەشەمه 2719

خەڵکی لێقەوماوی کۆتۆلی خۆی کە بەهۆی بوومەلەرزەوە تووشی زەرەر و زیانێکی بەرچاو بوونە، داوای یارمەتییان لە خەڵکی کوردستان کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی ڕەشەمە، بوومەلەرزەیەک بە تەوژمی ٥.٩ ڕیشتەر و قووڵایی ٢٨ کیلۆمیتر، لەنێوان پارێزگای "ورمێ" لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و پارێزگای "وان" لە کوردستانی باکوور ڕووی دا.

ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە ناوچەیەک لە ١٧ کیلۆمیتریی گوندی "کۆتۆل"، سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ ڕاگەیەندراوە.

دوایین ئامارەکان لە کوژراو و بریندارەکانی ئەو بوومەلەرزەیە، باس لە کوژرانی ٩ کەس و برینداربوونی ٥٠ کەس لە پارێزگای "وان" و ١٠٤ بریندار لە شاری "خۆی" سەر بە پارێزگای ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.

ئەو بوومەلەرزەیە هەروەها بووە بەهۆی لەنێوچوونی زیاتر لە ٥٠٠ سەر مەڕ و ماڵات و هەروەها زەرەر و زیانێکی بەرچاو بەر ٤٣ گوند کەوتووە کە لەو ڕێژەیە، بەشێکیان ١٠٠ لەسەد ڕووخاون.

 لەو بوومەلەرزەیە، ٣ هەزار و ٥٠٠ تا ٤ هەزار ماڵ لەو ٤٣ گوندەدا، لە ٥٠ لەسەدەوە تا ١٠٠ لەسەد داڕماون.

هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو شارە لە سەرلەبەیانییەوە تا ئێوارە ٦٠ جار هەژاوە.

خەڵکی لێقەوماوی گوندی کۆتۆل کە زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکە تووشی زەرەر و زیان و داڕماوی بوونە دوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بەهانایانەوە بچن.