کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی خۆی ناڕەزایەتییان دەربڕی

16:48 - 6 رەشەمه 2719

خەڵکی بۆمەلەرزەلێدراوی شاری خۆی بەهۆی پێڕانەگەیشتنی کاربەدەستانی ڕێژیم بە لێقەوماوان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خەڵک لەبەردەم بەخشداریی کۆتۆل کۆبوونەتەوە و داوایان کردووە کە ئیمکانات بە تایبەتی خێوەت و کەرەستەی گەرماییان بۆ دابین بکرێت.

خەڵک لە دۆخێکی دژواردان و داوای یارمەتی لە خەڵک دەکەن. هاووڵاتییان داوای هاوکاری دەکەن و داوایان کردووە کە پێویستیان بە کەرەستەی گەرمایی هەیە.

بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەو ناوچەیە، سەرما و سۆڵە تەنگی بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو هەڵچنیوە.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممە، ٤ی ڕەشەمە، بوومه‌له‌رزه‌ شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی هەژاند و لەو  بوومەلەرزەیەدا ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون و خەسارێکی ماددیی زۆریش بەر خەڵک کەوتووە.

بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەر گوندەکانی "کۆتۆل، بەلەجوک، گەرناڤیک، ڕازی، کۆتان، یوسفئاوا، حەبەشەی ژێرین، حسار، هندیڤان، زەری، مەخین، چایی، بروشخواران، گەرماوەژ و تەتەور"ی کوردستانی ڕۆژهەڵات داناوە.

بەگشتی لەو گوندانەدا ١٥ هەزار و ٧٩٠ کەس دەژین.

پسپۆڕانی بوومەرلەزە داوایان لە هاوڵاتییان کردووە کە ئەو خانووانەی لە خشت دروست کراون، چۆڵ بکرێن، لەبەر ئەوەی ئەگەری ڕووخانی ئەو خانووانە هەیە کە لە خشت دروست کراون.