کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی بۆکان قوربانیی نابەرپرسیاریەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمن

13:22 - 12 پووشپەڕ 2720

جێگری تەندروستیی ڕێژیمی ئیران لە سەردانیدا بۆ بۆکان و نەخۆشخانەی ئەو شارە وتوویەتی، پێویست نییە شاری بۆکان بەشی نەشتەرگەریی دڵی هەبێت.

"ئیرەج حەریرچی" جێگری تەندروستیی ڕێژیمی ئیران کە بۆ بۆکان سەفەری کردبوو، لە وڵامی ئەوەیکە خەڵک داوای دانانی بەشی نەشتەرگەریی دڵیان بۆ ئەوە شارە کردبوو، وتوویەتی، پێویست ناکات بۆکان ئەو بەشەی هەبێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، خەڵک بڕوا بە پزیشکی نەشتەرگەریی بۆکان ناکەن و نەخۆشی خۆیان لێرە چارەسەر ناکەن.

 قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران دەرخەری ئەوەیە کە دەسەڵاتی ناوەندگەرای ڕێژیمی ئێران هیچ بایەخێک بە نەتەوەکانی دیکە نادات و هەوڵی سڕینەوەیان دەدات.

نەبوونی پزیشک و پەرستاری لێهاتوو لە نەخۆشخانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات مۆتەکەی هاووڵاتییانە و ماوە بە ماوە ھەواڵێک لەسەر گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی کورد بەھۆی ھەڵەی پزیشکی یان لەبەر نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی بڵاو دەبێتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ٥٥ لەسەدی نەخۆشخانەکان پرتووکاون.

قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لەکاتێکدایە کە خەڵکی بۆکان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی، تووشی کۆرۆنا دەبن و بە جێگای خەواندنیان لە نەخۆشخانە بۆ ماڵی خۆیان بەڕێ دەکرێنەوە.

لە ئێستادا لە شارەدێی "ڕەحیم خان" سەر بە بۆکان، زیاتر لە ٥٠ کەس تووشی کۆرۆنا بوون، بەڵام خزمەتگوزاریی پزیشکییان نییە.