کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی بەرازجان تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بوون

12:04 - 17 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی شارەکانی باشووری ئێران، بە هۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە بەردەوامە.

بە هۆی پیسبوون و نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە شارەکانی باشووری ئێران، خەڵک ماوەیەکە لەو شارانەدا دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرز کردووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم وەک سیاسەتی هەمیشەییی خۆیان گوێیان لە ئاست داواکارییە بەرحەقەکانی خەڵک کەڕ کردووە و هێزە چەکدارەکانیان بەر داوەتە گیانی ناڕازییان.

بەپێی کۆمەڵێک ڤیدئۆ کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی  شەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، خەڵکی شاری بەرازجانی بووشێهر، بە هۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە لەو شارە، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دەستیان داوەتە خۆپیشاندان.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە ماوەی ٥ ڕۆژە لە شاری بەرازجان ئاوی لوولەکەشیی وشک بووە و بەرپرسان هەتا ئێستا هیچ کارێکیان نەکردووە.

بەپیێ ئەو ڤیدئۆیانەی کە بڵاو کراونەتەوە، خەڵکی ناڕازیی بەرازجان هاوار دەکەن: "مسئول بی‌لیاقت، استعفا  استعفا"، "نترسید نترسید ما همه با هم هستیم"، "دشمن ما همینجاست، بیخود میگن آمریکاست"، "یک اختلاس کم بشه، مشکل ما حل میشه" و "اگر فرماندار نیاد، امشب قیامت میشه".

لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا، خەڵکی خوڕەمشار، ئەهواز و چەندین شاری دیکەی باشووری ئێران، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە نیسبەت کەمی ئاو بەرز کردوەتەوە، بەڵام هەتا ئێستە هیچ جۆرە ڕێگاچارەیەک لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بۆ قەیرانی پیسبوون و نەبوونی ئاوی خواردنەوە لەو شارانە دەستنیشان نەکراوە.