کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی بەلووچستان لە پێداویستییە سەرەکییەکان بێبەرین

12:58 - 28 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی گوندەکانی باشووری بەلووچستان، لە هەبوونی کەرەستەی پەیوەندیی پێویست بێبەرین و ڕێژیمیش هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نادات.

بەپێی هەواڵ و زانیارییە بڵاوکراوەکان، ٧٠ لەسەدی شارستانی "دلکانـ"ـی بەلووچستان، لە هەبوونی تۆڕێکی پەیوەندیی باش بێبەرین و بەردەوام لەگەڵ کێشەی پچڕانی هێڵی تەلەفۆن و ئینتێرنێت بەرەوڕوون و لە هەندێک شوێنیشدا سەرەڕای پێشکەوتنی کۆمەڵگای جیهانی، هێڵی تەلەفۆن و ئینتێرنێت بوونی نییە.

شارستانی "دلکان" کە لە ٣٠٠ گوند پێک هاتووە، لە بواری تۆڕەکانی پەیوەندییەوە لە دۆخێکی خراپدایە و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکی کردەیی بۆ چارەسەریی کێشەی ئەو ناوچانە نادەن و گەر هەوڵێکیش بدرێت، تەنیا بۆ خۆدەربازکردن لە ڕەخنە و گلەیی و گازندەکانی ئەو خەڵکەیە.

نەبوونی پردی پەیوەندیی دروست و بەکەڵک، بووەتە هۆی بەدیهاتنی کێشەگەلێکی دیکەش کە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری "دلکان"، ناچار دەبن بۆ پەیوەندیگرتنێکی سادە، مەودایەکی زۆر بپێون.

لە سەردەمێکدا کە پەیوەندییەکان و ئینتێرنێت بۆ جێبەجێکردنی کاروباری خەڵک ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەر دەگێڕێت، نەبوونی ئەو پێداویستییە سەرەکییە، لە گوندە دوورەدەستەکانی شارەکانی ئێران و هەروەها کوردستانیش، نیشانەی بێکیفایەتی و لە هەمان کاتیشدا، زوڵمێکی سیستماتیکە لە خەڵکی هەندێک لە ناوچەکان.