کوردستان میدیا: تێکۆشەران و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی، بە ناردنی پەیامی هاوخەمی بۆ پەیمان نوێکردنەوە و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان، ئەمەک و وفاداری خۆیان بە شەهیدانی کوردستان دووپات دەکەنەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، وێڕای ناردنی پەیامی هاوخەمی لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان هەتا وەدیهاتنی ئامانجی بەرزیان دەست لە خەبات هەڵناگرن.
لەو ماوەیەدا لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان پەیامی هاوخەمیان ناردووە و لەو پێوەندییەدا لە شارەکانی پیرانشار، سنه، بانە و مەریوان بە ناردنی پەیامی هاوخەمی سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ شەهیدانی نوێی کوردستان دانەواندووە و بڕیاری درێژەدانی ڕێگایان هەتا سەرکەوتن دووپات کردووەتەوە.
پیرانشار
"شەهید باڵای بەقەد باڵای کوردستانه"
بەڕێزان، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی، پێشمەرگه قارەمانەکانی دێموکرات، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەر به بۆنەی شەهید و لەدستدانی دوو لاوی بەجەرگی حیزبەکەمان شەهیدان "ڕحیم ڕۆستم داستان و ئیدریس دەرویشی" به دەستی رەش و تێرۆریستی سپای پاسداران، سەرەخوشی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوه و بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی ئەم دوو شەهیدەی تازەمان و خەڵکی کوردستان به گشتی دەکەین و پەیمانی وەفاداری بۆ درێژەدانی ڕێگایان لەگەڵیان نوێ دەکەینەوه و بەڵێنیان پێ دەدەین که هەتا دوایین هەناسەی ژیانمان له خەبات دژی ئەم ڕێژیمه نگریسه ناوەستین.
بەشێک له ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له شارستانی پیرانشار
٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی
سنە و مەریوان
سڵاو و ڕێز!
ئیمە لە لایەن گەنجانی "سنه"، "کەڵاتەرزان" و "ژاوەرۆ" بە بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی شەهیدبوونی ئەو دوو پێشمەرگە قارەمانە زۆر داخدار بووین.
ئێمه ئەندامانی حیزبی دێموکرات به نۆبەی خۆمان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەم دوو شەهیدە بەرز و بەڕێزە دەکەین.
ڕوحیان شاد بێت و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت
بانە
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن وگرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین
بەداخ و کەسەری زۆرەوە هەواڵی شەهید بوونی دوو رۆڵەی ئازیز و تێکۆشەری نەتەوکەمان کە لە تۆپبارانی رقوقینی دوژمندا گیانی پاکیان خەڵات کرد پێ گەییشت.
ئیمەش وێرای مەحکوم کردنی ئەو کردەوە دژەمرۆییەی حکومەتی داگیرکەری ئێران، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید ئیدریس دەرویشی و شەهید ڕەحیم رۆستەمداستان و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات ئەکەین .
دووبارە لێرەدا بەڵێن دوپات ئەکەینۆ تا دواهەناسەی ژیانمان درێژەدەری رێی شەهیدان بین تا رزگاری کورد و کوردستان.
سەرکەوێت ڕاسانی رۆژهەڵات
لە لایەن ئەندامانی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران (بانە)
۲۷ی پووشپەری ۱۳۹۷ی هەتاوی