کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، دوای شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان، شەهیدان "شەهاب حەیدەری و هەژار ڕەزایی" وێڕای ناردنی پەیامی هاوخەمی، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی ئەو دوو شەهیدە نوێ کردەوە، کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان درێژە بە خەبات دەدەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە شارەکانی سنه، ورمێ و سەقز بە ناردنی پەیامی هاوخەمی، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان "شەهاب حەیدەری و هەژار ڕەزایی"نوێ کردەوە، کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان درێژە بە خەبات دەدەن.
ورمێ
سڵاوێک بە گەرمیی خەباتی ئازادیی کوردستان (ڕاسان)
ئێمە ئەندام و لایەنگرانی حیزبی خۆنەویست و خۆشەویستی خەڵکی ڕۆژهەڵات، "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، لە دزەی مەرگەوەڕ ئاگادار بووینەوە کە دوو پێشمەرگەی ئازیز، خۆشەویست و قارمان لە تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم لە بۆکان شەهید بوون. ئێمە بە شەهیدبوون شانازی دەکەین و دووبارە قسەی نەمر دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، وە بیری دوژمنانی گەلی کورد دەهێنینەوە کە "گەلێک ئازادی بوێت، دەبێ نرخی ئەم ئازادییەش بدات".
ئێمە پەروردەی ئەو مەکتەبە گەورەیەن و بۆ ئازادی گەلەکەمان تێدەکوشین، هەتا بە ئامانجمان دەگەین .
بەم بۆنەوە سەرەخوشی لە تەواوی کادر و پێشمەرگە دڵسۆزەکانمان دەکەین و خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵەی ئەم دوو شەهیدە دەزانین. پەیمانی وەفاداری لەگەڵ "حدکا" نوێ دەکەینەوە هەتا گەیشتن بە ئامانجمان کە ئازادی گەلەکەمانە تێدەکۆشین و درێژەدەری ڕێگای شەهیدان دەبین.
سەرکەوتن بۆ پێشمەرگە و کوردستان، مەرگ و نەمان بو جاش و نەیارانی کوردستان.
ئەندام و لاوانی دزەی مەرگەوەڕ
سەقز
ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکانی شاخ لە سەقزەوە سڵاوتان بۆ دەنێرین. سەرەخۆشی شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی گیانفیدای شاخ و شارتان لێ دەکەین و هیوای سەبووری بۆ بنەماڵەکانیان و تەمەندرێژی بۆ هاوسەنگەرانیان دەخوازین. پەیمانی وەفاداریتان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، هەتا سەر درێژەدەری ڕێبازی شەهید "شەهاب حەیدەری و شەهید هەژار ڕەزایی" و هەموو شەهیدانی حیزب و گەل دەبین. کۆماری تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران لە دواساتەکانی تەمەنی نگریس و پڕ لە جەنایەتی خۆیدایە و بێگومان ئەو ڕۆژە کە هەموو خۆفرۆشان و چڵکاوخۆرانی سەر بەو ڕێژیمە بدرێنە دەست دادگای شۆڕش و گەلەوە زۆر نزیکە .
سڵاو بۆ شەهیدان ، سەرکەوتن بۆ کوردستان
مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی تێرۆریستیی ئاخوندیی ئێران
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز
سنه
ئێمە لاوانی گوندی "گەلێن"، سەر به شاری سنه به بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی هاوڕێی شەهید "شەهاب حەیدەری و هەژار ڕەزایی"، زور داخدار بووین، ئێمەش به نۆرەی خۆمان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی دێموکرات، پێشمەرگه و لایەنگرانی حیزب بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهید "شەهاب حەیدەری" دەکەین.
ئێمە پەیمان نوێ دەکەینەوه، که هەتا وەدیهێنانی ئامانجی پیرۆزی شەهیدان کۆڵ نەدەین و هەتا دواهەناسه لاوانی گەلێن و لایەنگەرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سنەی سەربەرز تێبکۆشین.