کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی خۆبەخش و کەمپەینەکان لە کوردستان لە گەندبڕکردن بەردەوامن

13:22 - 7 خاکەلێوه 2720

خەڵکی کوردستان لە دۆخە قەیراناوییەکاندا بە هەوڵ و تێکۆشان و هاوکاریی یەکتر بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەی خۆبەخش و بە وەڕێخستنی کەمپەین لە دژەگەندکردنی شار و گوندەکانی کوردستان بەردەوامن.

لە درێژەی چالاکییەکانی گەندبڕکردنی شار و گوندەکانی کوردستان، کەمپەینی "گەنجانی سەقز" شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەیان بە دەرمانی دژەگەند پڕژاندووە.

هاوکات ئەو کەمپەینە لە هەوڵەکانی خۆیدا گوندی "قانزالی" سەر بە ناوچەی هەوشاری بە دەرمانی دژەگەند پڕژاندووە.

ئەو کەمپەینە دوو ڕۆژ جارێک یان هەموو ڕۆژێک گەڕەک و کۆڵان و دەرگاوبانی خەڵک بە شێوەی خۆڕسک گەندبڕ دەکەن.

هەروەها گرووپی "خۆبەخشانی خۆڕسک" لە مەهاباد، بە شێوەی خۆڕسک دەستیان کردووە بە گەندبڕکردنی گەڕەکی "ئەسحابەی سپی" و هەروەها چەندین ئاگادارییان بەنێو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە.