شاهۆ سندووسی
لە چوارچێوەی یاسای ڕێژیمی ئیسلامی، "خەڵکانی ئێران"، بە کەسانێک دەڵێن کە لە چوارچێوەی پێناسەکانی ئیسلامدا دەژین و بە "ئومەتی ئیسلامی'' ناویان دەبردرێت و خەڵک دەبێ بەتەواوی باوەڕمەند بە "ویلایەتی فەقیهـ" و کەسایەتیی خامنەیی و ڕێژیمی ئیسلامی بن و لە بڕیار و ویستەکانی ڕێژیم و خامنەیی لا نەدەن.
بەپێی قسەکانی خامنەیی، "خەڵکانی ئێران" کەسانێکن کە هەموو کات و سات لە ڕیزەکانی کۆماری ئیسلامیدابن، تەنیا یەکڕیزیی ڕێژیم بەفەرمی بناسن و لە ڕیزی خەباتی بەردەوام لەگەڵ دوژمنی پێناسەکراوی ئێرانی ئیسلامیدابن. پێکهاتەی "خەڵکانی ئێران" لە ڕوانگەی خامنەییەوە ئەو کەسانەن کە لە چوارچێوەی حکومەتی ئەودا بگونجێن و لە پاشەکشەکردن بە دوژمن لە هەموو بوارەکانی شەڕی سارد و گەرم و شەڕی ئابووری و سیاسی و تەناهی، یارمەتیدەری ڕێژیم بن.
هەر بۆیە خامنەیی لە یەکەمین هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر خۆپیشاندەران، خەڵکی ناڕازی بە گرانبوونی نرخی بێنزین بە "ئەشرار" ناو دەبات و خوازیاری بەرەنگاربوونەوەی خێرای ناوەندەکانی پێوەندیدار دەبێت و دەڵێت کە ئەوانە خەڵک نین کە خەریکی خۆپیشاندانن، لە ڕوانگەی خامنەیی ئەو کەسانەی خەریکی خۆپیشاندانن بەگشتی دوژمنن و هێرشیان کردووەتە سەر حکوومەت و خەڵکی پێناسەکراوی ڕێژیم، لەو سناریۆیەدا خۆپیشاندەران نەک لە "خەڵک" بەڵکوو بەشێک لە دوژمنی کۆماری ئیسلامین.
"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیم لە دوای سەرکوتی دڕندانەی خەڵک بە ناو دوژمن، باس لە سەرکەوتنی مێژوویی خەڵکی ئێران دەکات کە سەرەڕای هەموو کێشەکانی ئابووری، ڕێگەیان نەدا دوژمن سەربکەوێت و خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێرانێک ناو دەبات کە پێشتر ئامادەکارییان کردبوو و بە پیلان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
مەجلیسی خۆبرەگان و پێشنوێژەکانی نوێژی هەینی (نۆینەرانی خامنەیی) لە یەکەم هەڵوێستی خۆیان، خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەرانیان بە ئاژاوەگێڕ و هەلپەرەست و بەکرێگیراوانی دەرەکی ناو برد و وێڕای پشتیوانی لە بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی، داوایان لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کرد کە خێرا دەنگی خەڵکی ناڕازی کپ بکەن.
فەرماندەی بەسیجی ڕێژیم، بەرەنگاربوونەوە و سەرکوتی خەڵک بە "شەڕی جیهانی بە دژی حکوومەت" ناودێر کرد و وتی خۆپێشاندەران بە هاوپەیمانی وڵاتانی دوژمنی کۆماری ئیسلامییەوە ڕژاونەتە سەر شەقام و سەرکەوتنی خۆیان لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی، بە لوتفی خودا لە بەرامبەر خۆیان زانی.
بەڵام هەر بەرپرسانی ڕێژیم نین کە خۆپیشاندەران بە دوژمن ناو دەبەن؛ کاتێک دەنگی خۆپیشاندەران دەچێتە سەرەوە، ئەوە کەسایەتییە سیاسییەکان و بە ناو نۆینەرانی خەڵک لە مەجلیسیش گوێیان کپ دەبێت و هاواری خەڵکی ناڕازی نابیسن و پەیڕەوی قسەکانی ڕێبەری ڕێژیم و وێڕای ئەو، خۆپیشاندانانی خەڵک مهحكووم دهكهن و بە ئاژاوە ناوی دەبەن و خەڵک بە ئاژاوەگێڕ و دوژمن و بەکرێگیراوی وڵاتانی بیانی دەناسن، هەر بۆیە کاتێک کۆمەڵێک لە نۆینەرانی بە ناو مەجلیسی ڕێژیم داوای هەڵوەشاندنەوەی گەڵاڵەی بەرزکردنەوەی نرخی بێنزینیان کرد، لە دوای پشتگیری خامنەیی لەو گەڵاڵەیە، لە داواکاریی خۆیان پاشگەز بوونەوە.
لە ڕاستیدا ناکۆکییەکی گەورە لە مەعنا و واتای وشەی "خەڵک"، لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە؛ پێکناکۆکییەک کە گیانی خەڵکی ناڕازی دەگرێت و ئەو ئیجازەیە بە ڕێژیم و خەڵکی چوارچێوەی ڕێژیم دەدات کە بە ئاسانی گیانی خەڵکی دەرەوەی پێناسەی ئەوان بگرێت، پێناسەی ناکۆک و جیاواز لە "دۆست- دوژمن"، ''خەڵکی ئاسایی- خەڵکی نائاسایی''، ''خەڵک- ئاژاوەگێڕان''، ڕێگا لە بینینی ڕاستییەکاندا دەگرێت و خەڵکی پێناسەکراو لە چوارچێوەی ڕێژیم، دەست بە سەرکوت و ڕەشەکوژیی خەڵکی ناڕازی (دوژمن) دەکەن و ئەو کوشتارە لەژێر ناوی "سەرکوتی توندوتیژی" بە حەقی ڕەوای خۆیان دەزانن.
لە هەنووکەدا، بارودۆخی ئاشتیی نێوخۆیی ئێران لە هەموو کات زیاتر کەوتووەتە مەترسییەوە، ئەو "یەکگرتووییە خەیاڵییە"ی ڕێژیم باسی لێدەکات بوونی نەماوە؛ ڕێژیم و هەروەها کۆمەڵگە تووشی سەرلێشێواوییەکی قووڵی سیاسی بوونە، نە ڕێژیم و خەڵکی پێناسەکراوی، خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بە فەرمی و بە خەڵکی خۆیان دەناسن و نە خەڵکی ناڕازی، ڕێژیم و خەڵکەکەی و ڕەوتەکانی بە خۆیان دەزانن، بۆیە ئەو خەڵکەی لە دەرەوەی پێناسەی ڕێژیم جێدەگرنەوە دەبێ چاوەڕوانی هەموو جۆرە سەرکوتێک بن و تەنانەت زیندان و مەرگیش بە گیانی خۆیان بکڕنەوە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.