کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی سنە بەپیریی نەورۆزی کوردەوارییەوە چوون

12:22 - 28 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای گوشارەکانی ڕێژیم، خەڵکی شاری سنە، بە هەڵپەڕکێ و شایی بەپیریی نەورۆزی کوردەوارییەوە چوون.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی ڕەشەمە، خەڵکی شاری سنە بۆ بەرزڕاگرتنی نەورۆزی کوردەواری و پێشوازی لە ساڵی نوێ، لە ڕێگای نێوان "سنە-دیواندەرە"، سەمای ئازادییان بە چۆپی جامانەوە بەڕێوە برد و بە هەڵکردنی ئاور و هەڵپەڕکێ  و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی "نا"یەکی دووبارەیان بە ڕێگرییەکان و سەرکوتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتەوە.

جێی ئاماژەیە، لەو ڕێوڕەسمەدا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا و چۆپی‌کێشانی سەمای ئازادی نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری سنە بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەش، سەرەڕای زەبر و گوشارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خەڵکی کوردستان، بە مەبەستی پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی نەورۆزی کوردەواری، خەڵکی بۆکان و ناوچەکانی دەوروبەری بەرەو پیریی جێژنی نەورۆزەوە چوون.

هەروەها پاش دیداری تەرەغە لە بۆکان، هاووڵاتییانی گوندی "ساتیار"یش بە "نا"یەکی قورس وڵامی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان دایەوە.