کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی سنە لە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن

23:14 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: نەبوونی خزمەتگوزاری لە گەڕەک و شەقامەکانی شاری سنە، خەڵکی ئەم شارەی تووشی کێشە کردووە و گوزەرانی ژیانی بۆ ئەستەم کردوون.

ڤیدئۆیەکی بڵاوکراو لە گەڕەگی گرێزە و شارەکی کەوسەری شاری سنە، دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە نیشان دەدات، کە بە هۆی بارینی باران و کۆبوونەوەی ئاوی باران لە نێو گەڕەکەکەدا، خەڵک ناتوانن هاتووچۆ بکەن و تووشی کێشە بوونە.

هاووڵاتییەکی نیشتەجێی ئەم گەڕەکە به گرتنی ئەم ڤیدئۆیە ڕەخنەی لە ئەندازیاریی و کووچەتراشی و جەدوەلکاریی ئەم گەڕەکە گرتووە.

بە پێی ئەم گرتە ڤیدئۆییە لە نێو ئەو گەڕەکەدا ئاوێک کە کۆ بووەتەوە دیمەنی تاڵاوێکی به گەڕەکەکە داوە و هاتووچۆی خەڵکی تووشی کێشە کردووە و پەڕینەوە لە شەقامەکە بۆ هەموو کەس و بەتایبەت بۆ منداڵان ئەستەمە.

لە لایەکی تریشەوە، چوارڕێیانی سیرووسی شاری سنە، کە یەکێک لە پڕ هاتووچۆترین چوارڕییانەکانی ئەم شارەیە، هەموو ڕۆژێک لە گەڵ ترافیکێکی زۆر ڕووبەڕوویە، کە هۆکارەکەی بۆ کارنەکردنی دروستی چرای هاتووچۆ دەگەڕێتەوە.

کێشەی چراکانی هاتووچۆ جیا لە دروستکردنی کێشە لە هاتووچۆی خەڵکی ڕێبوار، ڕووداوی هاتووچۆ و تەنانەت تێکەڵچوون لە نێوان خەڵکیشی لێ دەکەوێتەوە.