کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی سنە هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە دەربڕی

11:26 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی سنە بە دانانی گوڵ و داگیرساندنی مۆم، لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر فڕۆکەی موسافیربەریی تاران- ئۆکراین، هاودەردیی خۆیان نیشان دا.

ڕۆژی شەممە، ٢١ بەفرانبار، خەڵکی سنە لە مەیدانی ''گۆزە بە شانـ''ـی ئەو شارە بە دانانی گوڵ و داگیرساندنی مۆم، لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر فڕۆکەی موسافیربەریی تاران- ئۆکراین، هاودەردیی خۆیان نیشان دا.

دوکتور ''ئاروین مورەتەب''، دەرچووی قۆناغی دوکتورا لە زانکۆی تێکنۆلوژیی "کەبک" و موهەندیسی شیرکەتی "ئیتۆن کانادا"، لەگەڵ هاوسەرەکەی، دوکتور ''ئایدا فەرزانە''، دەرچوو و مامۆستای زانکۆی کەبک لە کانادا، خەڵکی سنە بوون کە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەم فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا.

خەڵکی سنە لە پەیامێکدا نووسیویانە: ''بە دانانی گوڵ و داگیرساندنی مۆم، هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە دەردەبڕین''.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، فڕۆکەی جۆری "بوئینگ ٧٣٧"، سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، دوای جێهێشتنی فڕۆکەخانەی خومەینی لە تاران، دوای کەمێک دوورکەوتنەوە لە فڕۆکەخانەکە، لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە هێرشی مووشەکیی کرایە سەر و بەم هۆیەوە نزیکی ١٨٠ کەس گیانیان لەدست دا کە ١٢ کەسیان کورد بوون.