کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی سەقز و مەریوان ڕێزیان لە شەهیدانی ژینگە گرت

13:31 - 10 پووشپەڕ 2720

خەڵکی شارەکانی سەقز و مەریوان، یادی شەهیدانی ژینگەپارێزیان بەرز ڕاگرت و بە نیشانەی وەفا بۆ گیانبازییان مۆمیان هەڵ کرد.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، خەڵکی سەقز بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ژینگەپارێزی ئاگرتێبەردانەکانی "بۆزین و مەرەخێڵ"، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

لەو یادکردنەوەیەدا خەڵکی ئەو شارە لە پارکی "مەولەویی کورد" کۆبوونەوە و بە هەڵکردنی مۆم و دانانی وێنەی سەرجەم شەهیدانی ژینگە و خوێندنی سروود، یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.

هەروەها خەڵکی مەریوانیش بۆ ڕێزگرتن لە گیانفیدایی شەهیدانی ژینگە لە ناوچەی "بۆزین و مەرەخێڵ" لەسەر مەزاری شەهیدان "شەریف باجوەر" و "ئومید کۆنەپۆشی" کۆ بوونەوە و مۆمیان هەڵ کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە چووبوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، گیانیان فیدای نیشتمان کرد.

ڕێژیمی ئێران بە بەرنامە و پیلانی تایبەتەوە بەردەوام ژینگەی کوردستان دەخاتە ژێر مەترسی و هەڕەشەوە و لەنێوی دەبات و لە بەرانبەر ئەم سیاسەتە چەوت و دژە ژینگەییەدا زۆرترین خەسار بە ژینگەپارێزان و پارێزەرانی ژیوایی سروشتی کوردستان دەگات کە لە ڕیزی پێشەوەی شەڕکردن لەگەڵ ئەو سیاسەتەدان.

نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان و بێکیفایەتییەکانی ڕێژیم وای کردووە کە ئەو ئاگرتێبەردانانە لە ژینگەی کوردستان خەسارێکی زۆر بە جەستە و ڕۆحی نیشتمان بگەیەنێت.