کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی سەقز چاڵ و چۆڵیی شەقامەکانیان بە قۆڵی هیممەتی خۆیان پینە کردەوە

13:07 - 16 جۆزەردان 2720

 لەدوای چارەسەرنەکردنی کێشەی ڕێگاوبان و شەقامەکانی شاری سەقز لەلایەن شارەداری و ئیدارە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم خەڵکی سەقز بۆ باشترکردنی شەقامەکان خۆیان قۆڵی هیممەتیان لێهەڵماڵی.

مامە ''ساڵە'' پیاوێکی بەتەمەنی خەڵکی سەقز بەهەستکردن بەو کێشەیە و بارودۆخی خراپی ڕێگاوبانەکان شەقامەکانی ''حەماڵاوا و سەعدی'' پینە کرد.

چاڵ و چۆڵیی کۆڵان و شەقامەکانی شارەکانی کوردستان ژیانی خەڵکی تاڵ کردووە و شارەدارییەکان وڵامدەری کێشەی خەڵک نین بۆیە خەڵک بۆ خۆیان دەست بە چاککردنەوەی شەقامەکان دەکەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە شارەدارییەکان لە ئێراندا مانگانە داهاتێکی زۆر لە ڕێگە جۆراوجۆرەکانەوە بەدەست دێنن و یەکێک لە ئیدارە دەوڵەمەندەکانی نێو سیستمی ئیداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

ئەو داهاتە هیچ کاتێک لە خزمەتگوزاریی نێو شارەکان و کەموکۆڕیەکاندا خەرج ناکرێت و بەنیسبەت باشترکردنی بارودۆخی شارەکان، شارەدارییەکان کەمتەرخەمن.