کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شاری سنە لە کاری شۆرای شار ناڕازین

12:32 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دوای دوو ساڵ لە کاری ئەندامانی شۆرای شاری سنە، بە ڕای خەڵکی ئەو شارە هیچ کارێکی سوودبەخشییان نەکردووە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی شاری سنە پێیان وایە، کە ئەندامانی ئەنجومەنی شۆاری شاری سنە، لە ماوەی دوو ساڵی چوونە سەرکاریاندا، هیچ کارێکی سوودبەخشییان بۆ شارەکەیان ئەنجام نەداوە.

بەپێی ڕاپرسییەک کە لە کاناڵی تێلێگرامی "سایت شهر سنندج"، لە بارەی چالاکییەکانی ئەندامانی شۆرای شاری سنە، لە ماوەی دوو ساڵدا ئەنجام دراوە،  ٨٦٪ ی خەڵک دەنگی ناڕازی، ١١٪  خەڵک دەنگی ڕازی و ٦٪ لەسەدی خەڵکیش دەنگیان بە ڕادەی مامناوەندی داوە.

شاری سنە، کە بە یەکێک لە پارێزگا گەورەکانی کوردستان هەژمار دەکرێت، لە ڕووی خزمەتگوزاری و پێڕاگەیشتنەوە شارێکی پەراوێزخراوە.

شایانی باسە، لە کاتی هاتنی لافاوی بەرفراوانی ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی پێویست بۆ پێشگیریی لە لافاو، خەڵک بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بە بەکارهێنانی کیسەی لم هەوڵی پێشگرتنیان لە لافاو داوە. هەروەها بەهۆی خراپی و نائەمنبوونی بەنداوی قشڵاخ، داوایان لە خەڵکی دانیشتووی نزیک لەو بەنداوە کردبوو کە چۆڵی بکەن.

هەروەها لە ماوەکانی پێشووشدا، بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی پاک و خاوێنی و پیسبوونی شار، کرمێکی زۆر چەند گەڕەکێکی ئەم شارەیان تەنیبوو.