کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شاری "هولێلان" لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی و ژیان بێبەشن

12:32 - 7 سەرماوەز 2721

خۆکوژی، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاریی لەڕادەبەدەر، نەبوونی ژێرخانی پێویست و شیرکەتی گەورە بۆ گەشە و دامەزراندنی هەلی کار و پیشە، جێبەجێنەکردنی بەڵێنییە جۆراوجۆرەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ناستانداردبوونی ڕێگاوبانەکان بوونەتە هۆکاری دواکەوتوویی و بێبەشیی شاری "هولێلان" سەر بە پارێزگای "ئیلام".

"هولێلان" و خەڵکەکەی لە لانیکەمەکانی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەشن و ناچارن بۆ نەشتەرگەری و سەردانکردنی پزیشکی شارەزا، ١٠٠ کیلۆمیتر ببڕن هەتا بچنە ناوەندی پارێزگا.  

لەو پەیوەندییەدا "عەلی ئەکبر بەستامی" نوینەری پارێزگای ئیلام وتوویەتی، پێوەری چارەڕەشی و بێبەشیی شاری هولێلان ٧ و ٨ـە کە زۆرترین پێوەری لە کوردستان و ئێران تۆمار کردووە.

هەروەها ئەندامی کۆمیسیونی کۆمەڵایەتیی مەجلسیی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە ئەو شارە بەهۆی دوورەپەرێزیی جوغرافیایی و هەڵکەوتن لەنێوان سێ پارێزگای "ئیلام، کرماشان و لوڕستان" تووشی بێبەشییەکی زۆر بووە.

هەر دەسەڵاتی و حکوومەتێک ئەرکی ئەوەیە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی و بژێویی ژیان بۆ خەڵکی وڵاتەکەی دابین بکات، بەڵام ڕێژیم ئێران نەک دابینی ناکات بەڵکوو سەروەت و سامانی گشتی بە تاڵان دەبات.