کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شارەکان بە هۆی بێکارییەوە ئاژەڵداری دەکەن

13:09 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دۆخی نالەباری ئابووریی لە ئێران و کوردستاندا، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، بۆیە خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە شارەکاندا ڕوویان لە کارگەلێکی وەک ئاژەڵداری و وەرزێڕی کردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەندێک وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە، کە نیشانیان دەدات لە شوێنگەلێکی وەکوو شارەکی وەرمەقانی، پردی قشڵاخ و هەروەها لە داوێنی کێوی ئاویەری شاری سنە، خەڵک خەریکی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتێکی زۆر لە فەزای سەوزی شاردان.

بوونی مەڕ و ماڵات لە نێو شاردا، بەتایبەت لە وەرزێکی وەکوو بەهاردا کە ڕێژەی سەردانی میوان بۆ ئەو شارە زۆرە، جیا لەوەی کە پێناسەی شار و شارنشینی دەباتە ژێر پرسیارەوە، زیانێکی زۆری بۆ فەزای سەوزی شار هەیە و پیسبوونی شارەکەشی بەدواوە دەبێت.

کارگەلێکی وەکوو ئاژەڵداری و وەرزێڕی لەو دەستە کارانەن، کە لە لادێ و گوندەکاندا ئەنجام دەدرێن و لەگەڵ سروشتی شاردا یەک ناگرنەوە، بۆیە ئەنجامدانی ئەو کارانە لە شارەکاندا دیمەنێکی نامۆیە و ناڕەزایەتیی خەڵکی بەدواوە بووە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسانی ئابووری لەم شارە و زۆربوونەوەی ڕێژەی بێکاری دەگەڕێتەوە، کە خەڵک ناچارن بە هەر شێوازێک کە بووە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و تێچووەکانی ژیان ڕێگایەک لە بەر بگرن.