کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شنۆ بەنیسبەت تێکدانی ئاسەوارە مێژووییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:38 - 26 بانەمەڕ 2720

ڕێژیم لە شاری شنۆ بە ناوی جۆراوجۆرەوە خەریکی کاولکردن و لەنێوبردنی شوێنەوارە مێژووییەکانە و خەڵک بەرانبەر بەو کردەوانەی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

پاش چەندین ساڵ لە ناسین و ئاشکرابوونی مێـژووی "قەڵـاتگەی ڕیکاوێ" لە گـوندی "حەسەن نوورانـ"ـی شاری شنۆ کە ئاسەوارێکی مێژوویی و کۆنی چاخی "ئورارتوو"یە، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران له ساڵی ڕابردووەوە تا ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستی کردووە بە تاڵـان و وێـرانکردنی ئەو شوێنەوارە.

ڕێژیم ئەو شوێنەوارە بەناوی دروستکردنی مەیدانی تیرەوە تاڵان دەکات و دەستی بەسەردا گرتووە، لە حاڵێکدا کە سپای پاسداران مەیدانی تیری هەیە کە ١٥٠ میتر لە شوێنی ئاسەوارە مێژووییەکەی ئەو گوندە دوورە.

سەرچاوەیەک لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە لە بنەڕەتدا سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بـۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان، بەتایبەت ئەو شوێـنه و دزینی شوێـنەواره مێـژوییەکان و هەروەها، به تەقەی چەکگەلی قورس وەکوو "ئاڕ پی جی"، "تۆپ و خومپارەی۱۲۰mm و ۸۰ mm و۶۰ mm و..." و تا دەگاتە چەکی سووک خەریکی ترساندن و تۆقاندن و ئازاردانی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ئەو شوێنەن.

هەروەها هێزەکانی ڕێژیم لەو شوێنانەدا پێش بە هاتوچۆی خەڵک بۆ ئەو ناوچەیە دەگرن و ناهێڵن خەڵک بڕواتە سەیرانگای "ڕیکاوێ" و پێش بە کار و کاسبی و لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتی گوندەکانی "حەسەن نووران، چەشمەگوڵێ و گوندەوێڵە" دەگرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم تا ئاستێک پێش چووە کە بە ڕۆژی ڕووناک خەریکی هەڵکۆڵینی زەوین و لێدانی توونێلن لە ڕێگەی چەکدارەکانیەوە بە بێڵی میکانیکی و بـۆڵـدوزێـر.

ئەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێران بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خەڵک لەو ناوچەیەدا بەنیسبەت سەرمایە نیشتمانییەکانی کوردستانەوە.