کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شنۆ دوایان لە خەڵکی "هێیە و میراوێ" کردووە کە لە ڕووی بەرپرسیارییەتیی نەتەوەییەوە کێشەکەیان چارەسەر بکەن

16:04 - 12 خەزەڵوەر 2721

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی بەکرێگیراوەکانی ئیزن نادات کێشەی دانیشتووانی دوو گوندی "هێیە و میراوێ" سەر بە شاری شنۆ چارەسەر بکرێت بۆیە خەڵکی شنۆ لە پەیامێکدا داوایان لە کەیخودا و ڕدێن سپییەکان کردووە کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە وەگەڕ بخەن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

خەڵکی بەشەرەفی ئاواییەکانی "هێیە و میراوێـ"ـی سەر بە شاری قارەمانی شنۆ!

ڕێژیمی دژە مرۆیی ئێران بۆ لاوازکردنی بیری نەتەوایەتی و کەمڕەنگ جیلوەدانی جووڵانەوەی مافخوازیی ڕەوای گەلی کورد لە هیچ پیلانگێڕییەک سڵ ناکات و خەریکە بە زەقکردنەوەی خێڵ، عێل، عەشیرەگەری، ناوچەگەرایی و هەڵایساندنی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان تاک و کۆی گەلی کورد، یەکڕیزی، برایەتی و تەبایی ئەو گەلە بشێوێنێت و زیاتر لە هەمیشە شوێن پێی خۆی خۆشتر بکات.

بۆ جارێکی دیکەش و لە ڕاستای هاتنە دیی ئامانجە دژە کوردییەکانی و بەپێی پیلانە نگریسە یەک لە دوای یەکەکانی بۆ جارێکی دیکەش لە ناوچەی شنۆ لەنێوان ئاواییەکانی هێیە و میراوێ موهەندیسیی ناکۆکییەکی کۆن دەکات و بەدەستێوەردانی دوژمنکارانە لەسەر دابەشکردنی ئاوی ئەم دوو ئاواییە ڕێگە نادات کێشەی ئەم دوو ئاواییە چارەسەر بێت و هەر ڕۆژە بە لایەنگری لە ئاواییەک تۆوی دووبەرەکی دەچێنێت.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ چەندین جار حاڵەتی بەرتیل وەرگرتن لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدار لە خەڵکی هەردووک ئاوایی بیندراوە، بەم پێیەش جیا لەوەی کێشەکە چارەسەر نەکراوە بگرە بەپێی پلان، پیلانگێڕییەکان دەچنە پێش و زۆر جار حاڵەتی شەڕ و دمەچەقە لەنێوان خەڵکی هەردووک ئاوایی هاتووەتە ئاراوە.

شایانی ئاماژەیە کە خەڵکی هەردووک ئاوایی خاوەن هەستی بەرزی نەتەوەیین بۆیە بە مەبەستی کورتکردنەوەی دەستی خۆفرۆشان و پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕیی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم داوا لە کەیخودا و ڕدێن سپییەکانی ئەو ناوچە و خەڵکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری ئەو دوو ئاواییە دەکەین بە ڕووحی برایەتی کۆتایی بەو ناکۆکییە بێنن و خەونی دوژمنانی گەلی کورد پوچەڵ بکەنەوە.