کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی "شەهری کورد" بەهۆی دزینی ئاو لەلایەن مافیاکانی سەر بە سپای پاسداران، ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:24 - 23 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ چەندەمین جار خەڵکی "شەهری کورد" لە پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" بەهۆی ڕاگواستنی ئاوی ئەو پارێزگایە لەلایەن مافیاکانی ئاوەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

خەڵکی ناڕازی بە دروشمی "ئێرە چوارمەحاڵە، بردنی ئاو قەدەغەیە" درێژەیان بە کۆبوونەوەکە دا. ئەو ئاوە لە کاتێکدا ڕاگوازراوە کە ئەو پارێزگایە بۆ خۆی نوقمی قەیرانی کەم ئاوییە.

ناڕەزایەتیی خەڵکی "شەهری کورد" هاوکات لەگەڵ سەفەری وەزیری وزە بۆ پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" بەڕێوە چووە. خەڵک لەو ناڕەزایەتییەدا بەهۆی مافیای ئاو و هاودەستیی وەزیر و بەرپرسانی ئەو شارە لە دزینی ئاوی ئەو پارێزگایە، پێشەکی هۆشدارییان بە وەزیر داوە.

خەڵکی "چوارمەحاڵ و بەختیاری" چەندین جار بۆ پێشگرتن بە ڕاگواستنی ئاوی چەند ناوچەی ئەو پارێزگایە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام هەتا ئێستا نەیانتوانیوە پیش بەو هەوڵە وێرانکەرەی باند و مافیاکانی دزینی ئاوی سەر بە سپای پاسداران بگرن.