کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی عێراق بە دانانی هەشتەگ هۆشدارییان بە خامنەیی داوە

19:02 - 31 بانەمەڕ 2720

چالاکانی عێراقی لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا کەمپەینێکیان بەڕێ خستووە و هەشتەگێکیان وەکوو هۆشداری پێدان بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران داناوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، چالاکانی عێراقی بە خستنەڕێی کەمپەینێک و دانانی هەشتەگێک بە ناوی "#الزم_حدودک_خامنائي" واتە "خامنەیی سنووری خۆت بناسە"، تووڕەیی خۆیان بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا نیشان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی تێلێڤیزیۆنی ئەلعەرەبییە، گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لە ماوەی چەند کاتژمێری پاش قسەکانی "عەلی خامنەیی" شایەتی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق بەرانبەر بەو قسانەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت عێراق و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا بوو.

ئەو کەمپەینە گەورەیە کە بە ئامانجی دەربڕینی نارەزایەتیی توند بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی عێراق خراوەتە ڕێ، یەک ڕۆژ پاش قسەکانی خامنەیی کە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ وتبووی، ئامریکا و ئیسرائیل لە سووریە و عێراقدا شکستیان هێناوە و "مێحوەری موقاومەت" سەرکەوتوو بووە، دەستی پێکردووە.

مەبەستی خامنەیی لە ئاماژەپێدان بە عێراق، میلیشیا چەکدارە عێراقییەکان بووە کە سەر بە سپای قودسی لقی دەرەوەی سنوورەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانن.

زۆرینەی خەڵکی عێراق ئەو میلیشیاگەلە کە بە "ذیول ایران" کە بە واتای "ژێردەستەکانی ئێرانـ"ـە ناو لێ دەبەن، بە هۆکاری کوشتنی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی بزووتنەوەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەیان دەزانن.

چالاکانی عێراقی هەروەها بە دانانی ڤیدیۆ و وێنە و نووسینی ئەو هەشتەگە بەرانبەر بە دانانی وێنەی ڕێبەرانی پێشوو و ئێستای ڕێژیمی ئێران و تێرۆریستان "قاسم سلێمانی" و "ئەبوو مەهدی موهەندیس" ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.