کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی عێراق درێژە بە خۆپیشاندانەکانیان دەدەن

13:01 - 2 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی عێراق بەرانبەر بە هەڵبژاردنی بەربژێری سەر بە ئێران بۆ پۆستی سەرۆک وەزیریی عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕی و خۆپیشاندانیان درێژە پێداوە.

لە حاڵێکدا کە دوایین مۆڵەتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق نزیک دەبێتەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ١ی بەفرانبار، هەزاران خۆپیشاندەری عێراقی، ڕێگای هاتوچۆی باڵاخانە دەوڵەتییەکانیان لە باشووری عێراق داخست.

خەڵکی خۆپیشاندەر ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە هەڵبژاردنی "قۆسەی ئەلسۆهەیل" وەزیری بارهێنانی ئەوکاتی عێراق وەک سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە نیشان داوە و ڕایانگەیاندووە کە هەڵبژاردنی ناوبراو کە گوایە سەر بە ئێرانە وەک سەرۆکوەزیران ڕەت دەکەنەوە.

شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەرانی عێراقی لە شارەکانی "دیوانییە" و "بەسرە"، "مانگرتنی گشتیـ"ـیان ڕاگەیاند.

هەروەها لە "کەربەلا" و "نەجەف" دوو شاری شیعەی عێراقدا، خوێندکاران بە نیشانەی مانگرتن، خوێندنگاکانیان داخست و هەزاران کەسیان کۆ بوونەوە.

لە ناسرییەشدا، خۆپیشاندەران پردەکان و چەند ڕێگایان بەست و ئیدارە گشتییەکان داخران.

ڕاپەڕینەکانی خەڵکی عێراق بەبێ ڕێبەرایەتیی حیزبی و دژ بە سیاسەتی عەشیرەیی لە ١ی ئۆکتۆبرەوە دەستی پێکردووە و ماوەی ١٢ حەوتوویە کە بەردەوامە و لەو ماوەیەدا ٤٦٠ کەس کوژران و ٢٥ هەزار کەسی تر بریندار بوونە.

خۆپیشاندەرانی عێراقی لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا، توانییان سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە لەسەر کار لا ببەن و تا ئێستاش لەسەر داواکانیان بۆ گۆڕینی قەوارەی بەڕێوەبەریی حکوومەت و ڕێگەنەدان بە دەستێوەردانی دەرەکی بەتایبەت دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامن.