کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی عێراق و سووریە بەنیسبەت کوژرانی "قاسم سلێمانی" خۆشحاڵییان دەربڕی

11:29 - 14 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای کوژرانی پاسداری تێرۆریست ''قاسم سلێمانی''، خەڵکی عێراق و سووریە کە چەندین ساڵە بوونەتە قوربانیی سیاسەت و پیلانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە سەما، شایی و بڵاوکردنەوەی شیرینی، خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی.

شەوی هەینی، ١٣ی بەفرانبار، خەڵکی عێراق دوای کوژرانی قاسم سلێمانی و چەندین تێرۆریستی دیکە، لە بەغدا هاتنە سەر شەقام و بە ئاهەنگ و شایی، خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی.

خەڵکی عێراق کە ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی دۆخی نالەباری ئەو وڵاتە دەزانن و نزیکەی سێ مانگە بە دژی  ''قاسم سلیمانی'' و ''عەلی خامنەیی'' و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران دروشم دەدەن، بە کوژرانی قاسم سڵێمانی خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی.

هەروەها خەڵکی سووریە کە چەندین ساڵە لە شەڕ و وێرانی و تێرۆردا ژیان بەسەر دەبەن و ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری ئەم دۆخە دەزانن، دوای کوژرانی ''قاسم سلێمانی'' بە بڵاوکردنەوەی شیرینی لە شەقامەکان خۆشحاڵیی خۆیان نیشان دا.

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٥ی بەفرانبار، ''قاسم سلێمانی''، فەرماندەی سپای قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، لەگەڵ ئەبوو ''مه‌ھدی موھەندیس''، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کرانە ئامانجی فڕۆکەکانی ئامریکا و هەر دووکیان لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی کوژراون.