![](/content/upload/1/news/50474_w920.jpg)
دوای سەفەری "حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ بەیرووت، خەڵکی لوبنان لەم شارەدا بە هەڵگرتنی پلاکارت و وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتییان دەربڕی.
خەڵکی لوبنان و زۆرێک لە ئەندامانی حیزبە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە، دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و ئەم سەفەرەی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە بەشێک لە پرۆژەی دزەکردنی ئێران لە وڵاتی لوبنان دەزانن.
"حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" لەگەڵ سەرکۆماری لوبنان دیداری پێک هێنا و بڕیارە لەگەڵ گرووپە فەلستینییەکانی نیشتەجێ لەو وڵاتەشدا چاوپێکەوتنی هەبێت.
خەڵکی لوبنان و حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، ڕێژیمی ئێران بە هۆکاریی سەرەکیی کێشە ئابووری و سیاسییەکانی لوبنان دەزانن و دژی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمەن لە کاروباری وڵاتەکەیان.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ساڵانە پشتیوانییەکی نیزامی و ماڵیی سەرسووڕهێنەر لە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات و خەڵکی لوبنان باوەڕیان وایە کە ئەم کارە بووەتە هۆی دواکەوتنی وڵاتەکەیان لە هەموو بوارێکەوە.