کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی لوڕستان لێیان قەوماوە و هیلالی ئەحمەریش داوای سرویسی ئارکۆپاڵ دەکات

14:24 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی لافاولێدراوی پارێزگای لوڕستان گرفتاری لافاو بوونە بەڵام هیلالی ئەحمەر لە بیری ئەوەدایە کە سرویسی ئارکۆپاڵ بکڕێت.

ڕۆژنامەی "مشرق" سەبارەت بە داواکارییە جێی سەرسووڕمانەکەی هیلالی ئەحمەر بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە، هیلالی ئەحمەر داوای کردووە ١٠ هەزار ئاڵای نەخشێندراو بە ئاڕمی هێلالی ئەحمەر لە جۆری ساتەن بکڕدرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، بە نیسبەت ئەو داواکارییەی هیلالی ئەحمەر دژکردەوەیان پیشان داوە و ڕایانگەیاندووە خەڵکی لێقەوماوی لوڕستان لە دژوارترین دۆخدا دەژین بەڵام هیلالی ئەحمەر داوای شتی وا دەکات.

لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاو کراوەتەوە بێ تەدبیری و کەمتەرخەمیی بەرپرسان و ئۆرگانەکانی دەسەڵات خۆی کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە.

لەو پێوەندییەدا، هیلالی ئەحمەری خوزستان داوای کردووە کە ٥٥ دەست سرویسی ئارکۆپاڵ بکڕن. هەر دەستێکی ئەو سرویسی ئارکۆپاڵەش نزیک بە ٧٠٠ هەزار تمەنە کە ٥٥ دەست دەکاتە نزیک ٣٨ میلیۆن تمەن.

بوودجەی هیلالی ئەحمەر لە ساڵی ٩٧دا نزیک بە ١٤٧ میلیارد تمەن بووە.

کاربەدەستانی ڕێژیم دانیان بەوە داناوە کە خەڵکی لافاولێدراو پێویستی بە خۆراک، پۆشاک و کەرەستەی بێهداشتی هەیە نەک سرویسی ئارکۆپاڵ.

هاوکات منداڵانی خوزستان پێویستیان بە پەشەبەند هەیە نەک کەمپەینی نەزری مێهرەبانی.

لە لایەکی دیکەوە هیلالی ئەحمەری لوڕستان داوای کردووە ١٠ هەزار ئاڵا لە سایزی ٧٠ لە ١٢٠سانتیدا لە جۆری ساتەن دروست بکرێت کە بڕی ١٥٠ میلیۆن تمەن دەخەمڵێنرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆیان ڕەخنە لە یەکتری دەگرن بەڵام ئیزن نادەن خەڵکیش یارمەتی بە لافاولێدراوان بکەن.