کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی مەریوان جارێکی تر چەپڵەڕێزانی پێشمەرگە سپی پۆشەکانیان کرد

13:34 - 26 خاکەلێوه 2720

خەڵکی بەئەمەگی مەریوان جارێکی دیکە بۆ ڕێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکان، چەند خولەک چەپڵەیان لێدا.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٩ی شەو، کەمپەینە خەڵکییەکانی پێشگرتن بە کۆرۆنای مەریوان هاوکات لەگەڵ خەڵکی ئەو شارە، بۆ جارێکی دیکە ڕێزیان لە گیانفیدایی پێشمەرگە سپی پۆشەکان گرت.

خەڵکی بەئەمەگ و تێکۆشەری مەریوان، جارێکی دیکە بە گوڵی سوور و چەپڵەلێدانەوە ڕێزیان لە تێکۆشان و گیانبازیی پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکانی کوردستان و ئێران گرت.

ماوەی زیاتر لە ٣ مانگە و پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران و هەوڵە سیستماتیکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ هەرچی زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکانی وڵات بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک لە ڕیزی پێشەوەی پێشگرتن بەو پەتایە ڕاوەستاون.

لە ئێستادا پاش بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە کوردستان و ئێران، هێشتا دۆخی نەخۆشخانەکان بەتایبەت لە کوردستاندا نالەبارە و چەندین پزیشک و پەرستار و کادری دەرمانی بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویستی پزیشکییەوە تووشی ئەو پەتایە بوون و گیانیان لەدەست داوە.

خەڵکی کوردستان بە شێوازی جیاواز ڕێز و پێزانینی خۆیان بەرانبەر بەو هەوڵ و تێکۆشانەی پێشمەرگە سپی پۆشەکان دەربڕیوە.