کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ناڕازی، شۆرای شاری برووجێردیان داخست

13:10 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی شاری برووجێرد، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر، کەمکارییەکان شۆرای ئەو شارە، درگای بینای شۆرای شاریان داخست.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٧ هەتاوی، خەڵکی شاری برووجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە هەڵمەتێکی ناڕەزایەتییانە لە هەمبەر، کەمکارییەکانی شۆرای ئەو شارە، درگای بینای شۆرای شاریان جۆش کردووە.

خەڵکی شاری برووجێرد، دوای جۆشکاریی درگای بینای شۆرای ئەو شارە، بە هەڵواسینی بەنێرێک لەسەر درگای ئەو بینایە کە لەسەری نووسراوە: "بە هۆی بێکەڵکبوونی شۆرای شار، درگای شۆرا داخراوە" پەیامی خۆیانیان داوە بە بەرپرسانی ڕێژیم.

ئەم شێوە ناڕەزایەتیدەربڕینە یەکەمجار نییە، کە لە ئێراندا دێتە ئاراوە، بەڵکوو بووەتە شێوازێکی نوێ لە ناڕەزایەتیدەربڕێن لە بەرامبەر کەمتەرخەمییەکانی دەزگا و بەرپرسەکانی ڕێژیم، پێشتریش ئیدارەی کاری ڕێژیم لە شاری کرماشان لە لایەن لاوێکی ئەو شارە بە قۆڕ گیرا و هەروەها لە هێندێ شاری دیکەی ئێراندا خەڵک هەر بە قۆڕگرتن درگای بینا حکوومەتییەکان، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

خەڵکی ئێران هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکان، بە ڕێژیم و بەرپرسەکانی دەزانن و دەمودەزگا ئیدارییەکانی ڕێژیم، بە پێشلکاری مافەکانی خەڵکیان دەبێنن و هەر بەم هۆیەوە بەقۆڕگرتنی ئەو بینایانەیان کردووەتە ڕەوتێکی ناڕەزایەتیدەربڕین.